به‌ڤیدیۆ.. ئاو له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ دۆزرایه‌وه
چیتر مه‌ریخ هه‌ساره‌یه‌كی وشك و بێ ئاو نییه
K24- هه‌ولێر:
لەمڕۆ بەدواوەی چیتر مەریخ هەسارەیەکی وشک و بێ ئاو نیە. له‌مباره‌یه‌وه توێژەرانی ناسا، دۆزینه‌وه‌ی گۆماوێکیان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ساره‌یه پشتڕاستکرده‌وە کە درێژیه‌كه‌ی ده‌گاته زیاتر له ٢٠ کیلۆمەتر. ئەوەش هیوایەکی مەزن بە مرۆڤه‌كان دەدات کە هەوڵی گەیشتن و جێگیربوون لە ماڵێکی دیكه بده‌ن، کە سه‌ر به هەمان کۆمەڵەی خۆری زەوییه.
دوای زیاتر لە ٣ دەیەی چاودێری چری رووی هەسارەی مەریخ، زاناکانی ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکی "ناسا"، دۆزینەوەی گۆماوێکی مەزنیان لەسەر رووی هەسارە سوورەکە راگەیاند. گۆماوەکە کەوتۆتە چینی ژێر لوتکە سەهۆڵیەکی جەمسەری باشوری ئه‌و هه‌ساره‌یه.
پشکنەری سەر رووی مەریخ ئاشکرا کردووە، ئه‌و هه‌ساره‌یه بڕێکی باشی ئاوی هەبووە و بەهۆی تەسکی بەرگەهەواکەی، هەسارەکە سارد هەڵگەراوە و ئاو و پێکهاتە شلەمەنیەكانی بەستوویەتی.
ئەو پشکنەرەی گۆماوه‌كه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه ناوی "مارسیس"ـه و لە خولگەیەکی جێگیر پشكنین له‌سه‌ر رووی هەسارەکە ده‌كات، تەنیا ئه‌وه‌ی كه نەتوانراوە بزانرێت، قوڵایی ئەو گۆماوەیه، له‌كاتێكدا درێژیەکەی بە زیاتر لە ٢٠ کم ده‌خه‌مڵێندرێت.
ئەوەی ئێستا زاناکان پێی گەیشتوون دڵنیاییە لەسەر بوونی ئاو، دووەم هه‌نگاویش کە لە ئه‌مڕۆوه دەست پێدەکات، گەڕانە بەدوای ژیان له‌سه‌ر رووی ئه‌و هه‌ساره‌یه، بە تایبەت لە نزیک جەمسەرەکانی. بەربەستێکی دیكه‌ی ژیان كه باسی لێوه‌ده‌كرێت، نزمی پلەکانی گەرمایه له‌سه‌ر رووی مه‌ریخ، کە وادەکات كرداری په‌ره‌سه‌ندن سستبێت و پێکهاتەكانی ژیان به‌سه‌ختی تەشەنە بکەن.
ئەوەی ماوەتەوە، گەیشتنە بەو هەسارەیە بۆ هەڵکەندنی چینە بەفرینەکان و ئەنجامدانی پشکنین بۆ پێکهاتە شلەکە، بۆ ئەوەش پێویستە رۆبۆتێک ره‌وانه‌ی ئه‌و گۆماوه بكرێت کە توانای هەڵکەندنی هەبێت.
بیرۆکەی بوژانەوەی هەسارەی مەریخ، تێرافۆرمینگ و گۆڕینی شێوەی مەریخ دەمێکە لە هزری زانایان دایە و چۆتە قۆناغی پێشنیاز، ئێستاش بە بوونی ئاو ئاسانتر دەبێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی تەقینەوەیەکی مەزن یان کارلێکی گازی بەرگەهەوای مەریخ، کە وادەکات له ماوەی چەند دەیە یان یەک سەدە، بۆ ژیان بگونجێت. هەرچەندە تێرافۆرمینگ ئەگەر لە داهاتووێکی مامناوەند و دوور رووبدات، هەموو کێشەی مرۆڤ چارەسەر ناکات، چونکە کێشی مرۆڤ لەسەر مەریخ، ٠.٣٨ کێشه‌كەیه‌تی لەسەر زەوی، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری لەسەر هەناسەدان، دڵ، بڕبڕەی پشت، قەبارەی سەر و جەستە بەگشتی دەبێت، هاوکات وزەیەکی نیمچە سوپێرمانی بە مرۆڤ دەبەخشێت لە بازدان و خۆهەڵدان.
H.B