ساڵح موسلیم: حكوومهت لامهركهزی بۆ سووریا قبووڵ دهكات
رژێمی سووریا بە فەرمی بانگێشتی شاندی مەسەدەی كردووە
K24 - ھەولێر
ساڵح موسلیم، ئهندامی دهستهی پهیوهندییه دیپلۆماسییهكانی تهڤدهم و ھاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە به كوردستان24ی راگهیاند، كۆبوونهوەكانی ئهنجوومهنی سووریای دیموكرات (مهسهده) لهگهڵ حكوومهتی سووریا ئهرێنی بووه و حكومهت سیستمی نامهركهزی (لامەركەزی) بۆ سووریا قبووڵ دهكات.
موسلیم، ئاماژەی بەوەكرد: "ئەو شاندەی مەسەدە كە لە 26 ئەم مانگە سەردانی شامیان كرد، لەسەر داوای رژێمی سووریا بوو، گفتوگۆی باشكراوە و یەكەمجارە شاندی مەسەدە بە فەرمی بانگێشتی شام بكرێت، ئەوە دەستپێكە و پێویستە لەمەودوا ئەو شتانەی كە لەسەری رێككەوتوون بخرێنە واری جێبەجێكردن".
گوتیشی: "تائێستا رژێمی سووریا نەگەیشتبووە ئەو بڕوایەی كە لەگەڵ مەسەدە دانیشتن بكات، بەڵكو پێی وابوو كێشەكان بە سەربازی چارەسەر دەكات، ئێستا كە ھاتووە و گفتوگۆ لەگەڵ مەسەدە دەكات، ئەوە گۆڕانكارییەكی گەورەیە".
ساڵح موسلیم، راشیگەیاند: "پێشتریش رامانگەیاندبوو كە دانیشتنی مەرجدار قبووڵ ناكەن، بەڵام وەك گەرەنتی دەمانەوێت لایەنی سێیەم لە نێو رێككەوتنەكەدا ھەبێت".
ئەمە لەكاتێكدایە لە 26/7/2018 شاندێكی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) کە باڵی سیاسی هێزەکانی سووریای دیموکراتن و یەپەگە سەرکردایەتییەکان دەکات، لە شام لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی سووریا كۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێك گەیشتنە رێككەوتن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی مەسەدە، لەگەڵ حکوومەتی سووریا لەسەر نەخشەرێگایەك بۆ دروستکردنی چەند لیژنەیەك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رێککەوتوون.
وەك لە راگەیەندراوەكە ئاشكرا كراوە، لیژنەکان کار لەسەر نەخشەی رێگایەک بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و لامەرکەزیەت دەکەن. ھەروەھا هەردوولا کاری هاوبەش لەسەر هەموو ئاستەکان دەکەن و هەوڵی نەهێشتنی توندتووتیژی دەدەن".
ھ.م