ئیلهام ئەحمەد: هیچ ناوچەیەك رادەستی حکوومەتی سووریا ناکەینەوە
"گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان ناکەین"
K24 - ھەولێر
سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان هیچ ناوچەیەك رادەستی حکوومەتی سووریا ناکەنەوە و گۆڕانکاریش لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆیاندا ناکەن.
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە ئاژانسی ھاواری نزیك لە هەسەدەی راگەیاندووە، کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا باش بووە، بەڵام ئەوان ناتوانن تەواوی هیواکانیان لەسەر ئەو کۆبوونەوانە هەڵچنن و هەموو کێشەکانیش لە رێگەی ئەو کۆبوونەوانە چارەسەر ناکرێن.
لەبارەی رادەستکردنی ناوچەکانیش، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، ئەوان هیچ ناوچەیەك رادەستی حکومەتی سووریا ناکەنەوە و گۆڕانکاریش لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆیاندا ناکەن.
گوتیشی: "دەبێ هەوڵبدەین بۆ پێشخستنی گفتوگۆكانمان، چونکە ئەو پرسە لەسەر سیستمی دیموکراسی سووریایە، دەبێ حکوومەتی سووریا دەستوورێکی هەبێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان و کوردیش تێیدا مافیان هەبێت".
ئەمە لەكاتێكدایە 26/7/2018 شاندێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەگەڵ شاندی حکوومەت کۆبوونەوەو لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون.
ھ.م