دانيمارك بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی حیجاب جێبه‌جێ ده‌كات
په‌نابه‌رانی موسڵمان له دژی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی حیجاب له دانیمارك دێنه سه‌ر شه‌قام
K24- هه‌ولێر:
دانیمارك ئه‌و پڕۆژه بڕیاره‌ی خسته بواری جێبه‌جێكردن، كه سه‌رپێچ "حیجاب و خیمار" له شوێنه گشتییه‌كان قه‌ده‌غه ده‌كات و هه‌ر ئافره‌تێكیش پێشێلكاری بكات و سه‌رپێچی ئه‌و یاسایه بكات پێبژار "غه‌رامه" ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ش، هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی بكات و نیقاب و خیمار له شوێنه گشتییه‌كان بپۆشێت به بڕی "1000" كۆرۆن پێبژار ده‌كرێت، كه به‌رامبه‌ر به "156 دۆلار یانیش 134 یۆرۆ"، هه‌ركاتێكیش پێشێلكارییهكه دووباره كرایه‌وه، غه‌رامه‌كه ده‌بێته 10 ئه‌وه‌نده.
ئه‌و بڕیاره چه‌ند شتێكی دیكه‌ش جگه له خیمار و نیقاب له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌ك: ریشی ده‌ستكرد و ئه‌و ماسكانه‌ی كه روخساری مرۆڤ ده‌شارنه‌وه ته‌نیا چاوه‌كان نه‌بێت.
ئه‌و بڕیاره‌ی دانیماركیش كاردانه‌وه‌ی چالاكوانانی مافی مرۆڤی به‌دوای خۆیدا هێنا و به پێشێلكردنی مافی ئافره‌تیان وه‌سف كردووه، له‌كاتێكدا پارێزه‌رانی ئه‌و بڕیاره جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، بڕیاره‌كه بۆ ئاوێته‌كردنی په‌نابه‌رانی موسڵمان به كۆمه‌ڵگای دانیماركی گرنگ و پێویسته.
بڕیاریشه دره‌نگانی ئه‌مشه‌و، له كۆپنهاگنی پایته‌خت و ئاهۆراسی دووه‌م گه‌وره شاری ئه‌و وڵاته خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له دژی ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی دانیمارك رێك‌بخرێن، پێشبینیش ده‌كرێت به سه‌دان كه‌س به‌شداری له‌و خۆپیشاندانه‌دا بكه‌ن و به‌شێك له ئافره‌تان به نیقاب و خیمارهوه بێنه سه‌ر شه‌قام.
له‌كاتێكدا وته‌بێژی پۆلیسی نیشتیمانی دانیمارك رایگه‌یاند، له كاتژمێر 2:30ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆوه هیچ پێشێلكارییه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و یاسایه به‌دی نه‌كراوه.
ئه‌و سه‌رپۆشه "حیجاب"ـه‌ی كه ته‌واوی روخساری ئافره‌ت داده‌پۆشێت، له‌ئه‌وروپا دیارده‌یه‌كی زۆر هه‌ستیاره، له‌كاتێكدا هه‌ریه‌ك له به‌لژیكا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیاش پێشتر به بڕیار ئه‌و دیارده‌یان قه‌ده‌غه كردووه.
H.B