كورد چاوی له "نا مه‌ركه‌زییه‌ت"ـی سووریایه
سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكراتی ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئیلهام ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكراتی "مه‌سه‌ده" باسكی سیاسی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی ده‌ڵێت: "نا مه‌ركه‌زییه‌ت" چاره‌سه‌رێكی راسته بۆ رزگاركردنی وڵات له ده‌ست قه‌یرانه‌كانی".
ئیلهام به كه‌ناڵی ئاڕ تی رووسی گوتووه: "ئه‌وه دیداری یه‌كه‌می ئه‌و شانده بوو كه به نوێنه‌رایه‌تی ئێمه له‌گه‌ڵ شاندی حكوومه‌تی سوووریا كۆبوونه‌وه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ویستمان بزانین دیمه‌شق چه‌نده ئاماده‌ی گفتوگۆ و دانوستانه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی سووریا به‌ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر بكرێن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "دیداره‌كه له‌سه‌ر بانگهێشتی حكوومه‌تی سووریا بووه و چه‌ندین دۆسییه له‌نێویاندا دۆسیه ده‌ستووری و خزمه‌تگوزارییه‌كان و چه‌ندین بابه‌تی دیكه قسه‌ی له‌سه‌ركراوه".
سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكراتی ده‌ڵیت: "له‌گه‌ڵ دیمه‌شق له‌سه‌ر پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش رێككه‌وتووین تا به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و پرسانه دانێن كه په‌یوه‌سته به سیستمی حوكمڕانی و ئیداره‌دانی ناوچه جیاوازه‌كانی سووریا، به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێمه‌دایه، هه‌ستمان نه‌كرد حكوومه‌تی سووریا هیچ لارییه‌كی له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه كوردییه‌كانی وڵات هه‌بێت".
ئیلهام ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌و دیداره‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له دۆسێی ئه‌منی نه‌كراوه و زۆرینه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ژێر ئیداره‌ی خۆبهڕێوهبهریشدان نوێنه‌ریان له‌و گفتوگۆیه‌دا هه‌بووه.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پرسی راده‌ستكردنی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئێمه به دیمه‌شق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسنه‌كراوه. زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له یه‌كه‌م دیداردا له‌گه‌ڵ شاندی حكوومه‌تی سووریا باسكراوه، له قۆناخی داهاتوودا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، زۆرینه‌یشیان په‌یوه‌ست بوون به ئیداره‌ی ناوچه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و مافی نه‌ته‌وه‌كان له سووریا به‌تایبه‌تی كورد و پرسی پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له‌و وڵاته‌دا.
سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكراتی داوا له رووسیا ده‌كات ده‌ستوه‌ردان بكات و بارودۆخی عه‌فرین بگرێنێته‌وه سه‌ر رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆی و گوتوویه‌تی: "ده‌یان هه‌زار كه‌سی خه‌ڵكی عه‌فرین په‌ڕاگه‌نده و ئاواره‌بوون و پێویسته دۆسێی عه‌فرین چاره‌سه‌ر بكرێت و هێزه‌كانی توركیا بكرێنه ده‌ره‌وه".