خۆپیشاندەرانی ئێران هەوڵی سوتاندنی قوتابخانەیەکی ئایینی دەدەن
"500 کەس هێرشیان کردۆتە سەر قوتابخانەکە"
K24- ههولێر:
خۆپیشاندەرانی ئێران لە شاری کەرەج هێرشیانکردۆتە سەر قوتابخانەیەکی ئایینی و هەوڵی سووتاندنی کەلوپەلەکانیان داوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فارس، حوجەتولئیسلام هیندیانی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، لە بارەی هێرشەکە دەڵێت: "کاتژمێر 9ی دوێنێ شەو(هەینی)، ئەوان(خۆپیشاندەران) هێرشیانکردە سەر قوتابخانەکە و هەوڵی شکاندنی دەرگاکان و سوتاندنی شتومەکەکانیان داوە".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاشکراشی کردووە: "500 کەس کە دژی سیستەمەکە هوتافیان دەکێشا هێرشیانکردە سەر قوتابخانەکە بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە وەستێندران و هەندێکیان دەستگیرکران".
خۆپیشاندەران بە بەرد هێرشیانکردۆتە سەر قوتابخانە ئیسلامییەکە و بەهۆیەوە زیانی ماددی بەر باڵەخانەکە کەوتووە.
هاووڵاتیانی ئێران بە وتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" لە شارەکانی ئیسفەهان، شیراز، مەشهەد و تاران بەردەوامن لە خۆپیشاندان و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەمەریکا، سعوودیە و ئیسرائیل بە هۆکاری خۆپیشاندانەکان دەزانن.
H.J