دایکێک بۆ رزگارکردنی منداڵەکانی خۆی دەکاتە قوربانی
"هەردوو منداڵەکەی تەندروستیان جێگیرە"
K24- ههولێر:
دایکێک لە وڵاتی چین دوای رزگارکردنی هەردوو منداڵەکەی لە ئاگری ماڵەکەیان خۆی گیان لەدەستدەدات.
بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەلیکترۆنی مێترۆ، لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەکە، ژنەکە لە نهۆمی پێنجەوە داوای یارمەتی لە خەڵکی سەر شەقامەکە دەکات، خەڵکەکەش راخەرێک لە خوارەوە رادەگرن تا منداڵەکانی فڕێبداتە خوارەوە.
ئەگەرچی ژنەکە توانی دوو منداڵەکەی رزگاربکات، بەڵام خۆی بە هۆی هەڵمژینی دووکەڵی زۆر بێهۆش دەبێت و ناتوانێت لە ئاگرەکە هەڵبێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکانی نەخۆشخانە، هەردوو منداڵە نۆ و سێ ساڵەکە تەندروستیان جێگیرە، تەنها یەکێکیان قاچێکی شکاوە، بەڵام دایکەکە تا گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
H.J