له‌سه‌ر كیسێك چیمه‌نتۆ دوو هۆزی گه‌وره بووه شه‌ڕیان
بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پۆلیس قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆی راگه‌یاندووه
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی یه‌ك كیس چیمه‌نتۆ، دوو هۆزی گه‌وره‌ی قه‌زای "سه‌ید ده‌خیل"ی پارێزگای زی قار، به‌شه‌ڕهاتن و له ئه‌نجامیشدا كه‌سێك برینداربوو.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له پارێزگاكه رایگه‌یاندووه، شه‌ڕ له نێوان دوو هۆزی ناوچه‌كه سه‌ری هه‌ڵداوه، كه له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر یه‌ك كیس چیمه‌نتۆ بووه و كه‌سێكیش برینداره.
وێبسایتی سكای پرێسی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه، له شه‌ڕه‌كه‌دا چه‌كی سووك و مامناوه‌ند به كارهاتووه و ته‌قه‌یه‌كی زۆریش كراوه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، به‌هۆی شهڕهكهوهش ده‌زگا ئه‌منییه‌كان قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆیان راگه‌یاند له ناوچه‌كانی نزیك شه‌ڕه‌كه و رێكارهكانیشی بۆ ده‌ستگیركردنی تێوه‌گلاوان توندتر كرد.
ماوه‌یه‌كه شه‌ڕی نێوان هۆزه‌كان له‌سه‌ر كێشه‌ی هاوشێوه له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق زۆر بووه و پێشتریش له پارێزگای دیوانیه له‌سه‌ر كه‌ڵه‌شێرێك دوو كه‌س كوژران و دووی دیكه‌ش برینداربوون.
ا. م