ناوی ئەو کۆمپانیانە ئاشکرا دەکرێن به هۆى سزاكانى سهر ئێرانهوه زيانيان بهردهكهوێت
سبەی بەشی یەکەمی سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە
K24- ههولێر:
کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە و گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران کە بڕیارە سبەی دووشەممە بەشێکی دەستپێبکات، کاریگەری لەسەر چەندین گەورە کۆمپانیای ئەوروپا دەبێت.
وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا بازرگانی جیاوازیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم بازرگانیانەش زیاتر پەرەیان سەند کاتێک لە ساڵی 2015، رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران بووە راستی.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێک سبەی دووشەممە ئەمەریکا یەکەم بەشی سزاکانی ئێران دەگەڕێنێتەوە، ئەم کۆمپانیانەی ئەوروپا زیانیان پێ دەگات:
کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل
کۆمپانیا فرەنسییەکانی رێنۆ و پی ئێس ئەی(پیژو) دوو هەڵوێستی جیایان هەیە.
پیژو، سایترۆن و ئۆپل رایانگەیاندووە کە چالاکییەکانیان لە کۆماری ئیسلامی رادەگرن چونکە کەمتر لە 1% کڕیارەکانیان خەڵکی ئێرانن لە کاتێکدا ساڵی پار ئەو گروپە 445 هەزار ئۆتۆمبێلیان لە ئێران فرۆشتووە.
بەڵام رێنۆ لە مانگی حەوت-تەممووزی رابردوو رایگەیاند، چالاکییەکانیان راناگرن و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش کە بە بەهای دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار لە ئێران بازرگانیان هەبوو، ساڵی پار بڕەکەیان بۆ 3 ملیار دۆلار زیادکرد، ئەگەر زۆری سزاکانی سەر ئێران کاریگەری لەسەر ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییانەش دروستبکات بەڵام تاکو ئێستا هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.
فرۆکەوانی
هەردوو کۆمپانیاکانی ئوتوبەسی ئەمەریکی و ئەی تی ئاڕی ئیتاڵی بازرگانیان لەگەڵ ئێران هەیە، دەبوو ئوتۆبەس 100 فڕۆکەی نەفرهەڵگر بە ئێران بدات بەڵام بەهۆی سزاکان، تەنها سێ فرۆکەی فرۆشتوە بە ئێران و پرۆسەکەی راگرتووە. کۆمپانیا ئیتاڵییەکەش 20 فرۆکەی فرۆشتۆتە ئێران بەڵام تەنها هەشتیان گەشتۆتە دەستی تاران و چارەنووسی ئەوانی دیکە دیارنییە.
نەوت
ئەوەی کە زیانی زۆری بەردەکەوێت کۆمپانیای تۆتاڵی فرەنسییە چونکە پێش کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە، تۆتال گرێبەستی پەرەپێدانی چەند کێڵگەیەکی گازی ئێرانی دەستەبەر کردبوو کە بەهاکەی بە 5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام تۆتال ناچارە لەو بازرگانییە بکشێتەوە و تارانیش کۆمپانیایەکی چینی لە جێگای تۆتال هەڵبژاردووە.
چەند کۆمپانیاییەکی دیکەی ئیتاڵی پێکڕا، بە بەهای 1.6 ملیار دۆلار بازرگانی نەوتیان لەگەڵ تاران هەیە، ترەمپ زیان لەوانیش دەدات.
هێڵی شەمەندەفەر
زەرەرمەندی یەکەم کۆمپانیای فێرۆڤی دێلۆ ستاتۆ بەوەی گرێبەستی دروستکردنی چەند هێلێکی ئاسنینی لە ئێران بردۆتەوە وەک هێڵی شەمەندەفەری قوم بۆ سوڵتان ئاباد.
هەروەها کۆمپانیاکانی فینکانتیەری، مایری و چەند کۆمپانیایەکی گەرمکەری گازی شەمەندەفەر زیانیان پێدەکەوێت.
گەشت و گوزار
هەردوو کۆمپانیای فرۆکەوانی بریتیش ئەیەروەیز و لوفتهانزا کە تازە گەشتەکانیان بۆ ئێران دەستپێکردۆتەوە، گەشتەکانیان رادەگرن.
هەروەها زنجیرە هۆتیلە فرەنسییەکان، گروپی رۆتانا و گروپی هۆتێلەکانی مێلیای ئیسپانی دەبێت کارەکانیان رابگرن.
پیشەسازی
کۆمپانیای سیمێنس کە کاری بەرهەمهێنای کارەبایە لە رێگای گازی سروشتی، ساڵی پار گرێبەستێکی بۆ کارکردن لە ئیران بردەوە بەڵام ئیدی دەبێت دوا بڕیاری خۆی لەسەر مانەوەی لە کۆماری ئیسلامی بدات. جیا لەو کۆمپانیایەش، کۆمپانیای ئەیر لیکوید تایبەت بە پیشەسازی گازی سروشتی فرەنسی بڕیاریداوە کارەکانی رابگرێت.
بانک
هەرسێ بانکەکانی دۆیچە بانک، هێلابا و دی زێت بانک بڕیاریانداوە کارەکانیان لە ئێران رابگرن و گوێڕایەلی رێکاری سزاکانی ئەمەریکا بن.
H.J