ده‌یان كه‌س بوونه‌ قوربانیی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئیندۆنیسیا

91 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌و ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌، 91 كه‌س به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 5/8/2018ـی دوورگه‌ی لۆمبۆكی ئیندۆنیسیاوه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌و ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

به‌رپرسانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كان ده‌ڵێن: "هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتووانی دوورگه‌كه‌ گوستراونه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام به‌هۆی پاشه‌بوومه‌له‌رزه‌ی ده‌رهاوێشته‌ی بوومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ ‌ هه‌ست به‌ هه‌ژاندنی ناوچه‌كانیان ده‌كه‌ن".

ئه‌جۆنگ برامۆكا سه‌رۆكی ئه‌و ئاژانسه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ی كاریان كه‌مكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واری كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌كانه له‌ كه‌رتی نۆساتینجارای رۆژئاوا كه‌ لۆمبۆكیش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌‌ گوتوویه‌تی: "زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ به‌شه‌كانی باكووری رۆژئاوای دوورگه‌كه‌ بوون، پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی په‌یوه‌ست به‌ قوربانییه‌كانیش هێشتا به‌رده‌وامه‌".

پێشتر سه‌نته‌ری ناوه‌ندیی ئه‌وروپی بۆ چاودێریی بوومه‌له‌رزه‌كان (EMSC) رایگه‌یاندبوو كه‌ گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ 6.6 پله‌ بووه‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر و كاتژمێر 11:46 خوله‌ك به‌ كاتی یه‌كگرتووی جیهانیی بووه‌و چه‌قه‌كه‌ی 49 كیلۆمه‌تر له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی شاری ماتارام و له‌ قوڵایی 10 كیلۆمه‌تر روویداوه‌.

Fly Erbil Advertisment