ئێران سزادەدرێت

"تاکو ئێران رەفتارەکانی نەگۆڕێت سزاکان بەردەوام دەبن"

K24- هه‌ولێر:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوورە لەسەر سزادانی ئێران تا ئەو کاتەی حکوومەتی ئێران رەفتارەکانی دەگۆڕێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، پۆمپیۆ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا لە گەشتەکەی ئاسیایدا، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، رایگەیاندووە: "ئێمە هیوادارین رێگایەک بدۆزینەوە تاکو بەرەو پێش بڕۆین بەڵام بۆ ئەوە دەبێت رژێمی ئێران گۆڕانکاری گەورە لەخۆیدا بکات. دەبێت وەکو وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکات، ئەمە داوای ئێمەیە و زۆر ئاسانیشە".

پۆمپیۆ گوتیشی: "لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەریبخات رژێمی ئێران رەفتارەکانی گۆڕیوە، ئێمە سزاکانیان بەسەردا دەسەپێنین".

ئەمەریکا ئێران بە سپۆنسەری تیرۆر و گواستنەوەی هەژموونی خۆی بۆ وڵاتانی دیکە تۆمەتباردەکات، ئێرانیش پێچەوانەکەی بە راست دەزانێت و رەتی دەکاتەوە.

بڕیاره‌ به‌ربه‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ بەشی یەکەمی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە بەسەر ئێراندا دەسەپێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە کۆشکی سپی هەر لەمڕۆدا روونکردنەوەی زیاتر بڵاوبکاتەوە.

لەئەگەری باشنەبوونی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، واشنتن بەشی دووەمی سزاکان کە تایبەتە بە قەدەخەکردنی کڕینی نەوتی ئێران، لەمانگی یانزدە- تشرینی دووەم بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.

H.J