سعوودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەنەدا هەڵپەسارد

"ماوەی 24 کاتژمێر مۆڵەتی داوەتە باڵیۆزی کەنەدا"

 K24- هه‌ولێر:

بەهۆی رەخنەگرتن لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ، حکوومەتی سعوودیە باڵیۆزی کەنەدای لە وڵاتەکەی دەرکرد و تەواوی پەیوەندییە بازرگانییەکانیشی لەگەڵ ئۆتاوا هەڵپەسارد.

رۆژی هەینی، دامەزراوەی کاروچالاکییە جیهانییەکانی کەنەدا لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، رەخنەی لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سعودییە گرتو و نووسیویەتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە شەپۆلی نوێی دەستگیرکردنی چالاکوانە ژنەکان لە شانشینی سعوودیە".

هەر لە تویتەکەی دامەزراوەکەی کەنەدا هاتووە: "ئێمە هانی دەسەڵاتدارانی سعووییە دەدەین، بە زووترین کات ئەو چالاکوانانە و تەواوی چالاکوانەکانی دیکەی مافی مرۆڤ ئازادبکەن".

لە بەیانامەیەکیدا وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، کەنەدای بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات تۆمەتبارکرد و بە تووندیش زانیارییەکانی ئەو دامەزراوەیەی رەتکردەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، حکوومەتی سعوودیە، 24 کاتژمێر کاتی بە باڵیۆزی کەنەدا لە سعوودیە داوە تا بەرەو کەنەدا بگەڕێتەوە و تەواوی بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیشی هەڵپەساردووە.

کەنەدا لە ژێر رۆشنایی چەند راپۆرتێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی جیهانی داواکەی لە سعوودیە کردووە و بە تایبەتیش تیشکی خستۆتە سەر سەمەر بەدەوی، کچە چالاکوانی سعوودی کە دژی پیاوسالاری چالاکی دەکات و هەفتەی رابردوو دەستگیرکرا.

بەڵام سعوودیە کەنەدا بە تێکدانی رەوشی ناوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات و کاردانەوەی تووندی هەبوو.

H.J