ترەمپ بۆ ئێران: دژوارترین سزاتان دەدەم
"مانگی 11 دژوارتریشی دەکەم"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ریگەیاند ئێران دەبێت دووچاری دژوارترین سزای و ئابڵووقە بێت.
دوێنێ دووشەممە، ترەمپ واژووی لەسەر گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران کرد و ئەمڕۆش دواین هەڵوێستی لەسەر ئەو بڕیارەی راگەیاند.
سەرۆکی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوسیوویەتی: " ئابڵوقەکانی سەر ئێران بە فەرمی چەسپان. ئەمانە دژوارترین ئابڵوقەن تاکو ئێستا سەپابن".
ترەمپ دەشڵێت: "لە مانگی یازدە، هێشتا ئابڵوقەکان دەچنە قۆناخێکی دژوارترەوە. هەرکەسێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا ناکات. من تەنها داوای ئاشتی جیهانی دەکەم، هیچی دیکە!".
ئەمەریکا ناڕازییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستتێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و دەیەوێت لە رێگای سزاکان فشاری تەواو دروستبکات تاکو تاران لە پەلهاوێشتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەشیمان بکاتەوە، تارانیش هەم رەتیدەکاتەوە و هەمیش سوورە لەسەر ئەوەی سزاکانی ترەمپ چۆک بە کۆماری ئیسلامی دانادەن.
H.J