تاران تەنها یەک رێگای دەرچوونی هەیە
هەمووان بەرژەوەندیان لەگەڵ واشنتن زیاترە تا تاران
K24- ههولێر:
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەوەی پلانی بۆ داناوە بەرامبەر بە ئێران ئەنجامی بدات، رەنگە تاران بێبەزەییانەترین سزای ئەمەریکا لە چەند دەیەیی رابردوودا ببینێت.
ئەمەریکا تەنها ئابڵووقە ناخاتە سەر ئێران، بەڵکو ئەوەی کارەساتەکە بۆ کۆماری ئیسلامی دروست دەکات ئەوەیە، واشنتن سزای هەموو ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە دەدات کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن.
دوای رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، زۆرێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان پێیان وابوو لانی کەم ئەو رێککەوتنامەیە تا ماوەی 10 ساڵ بەسەرناچێت، بەڵام ئێستا کە ترەمپ ئەو خەونەی شێواندن، دەبێت لە نێوان بەرژەوەندی واشنتن و تاراندا یەکێکیان هەڵبژێرن.
وەک ئەوەی لە راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیندیپێندت هاتووە، بژاردەی دروست بۆ ئەم کۆمپانیانە زۆر روونە. بۆ نموونە با کەڵک لە ئەزموونی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل وەربگرین. تۆیۆتا، هیۆندا، کیا، پیژو و ڤۆڵکسواگن کۆمپانیای گەورەن و لەوانەیە بتوانن پێکەوە رووبەرووی ئەمەریکا بوەستنەوە، بەڵام ئەوان بەرژوەندی زیاتریان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە تا تاران بۆیە ئەو کارە ناکەن. بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانە تەنها لە ئەمەریکای باکوور چەند جارێک لە ئێران زیاترە. ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کۆمپانیا گەورە و کاریگەرەکان خۆیان لە ئێران بە دوور بگرن و بکشێنەوە.
بەشی یەکەمی سزاکان گەڕێندرانەوە بۆ ئێران کە کاریگەریان لەسەر دراو، زێڕ، پێشەسازی ئۆتۆمبێل وفەرشی ئێرانی و چەندین بازرگانی دیکە هەیە. ئەمانەش ئابووری ئێران خراپتر دەکەن لەوەی ئێستا هەیە، ئەوەی ئێستا خەڵک دژی خۆپیشاندان دەکەن و داوای گۆڕینی دەکەن.
رووسیا و چین هەوڵدەدەن هەندێک لە کەموکوڕییەکانی ئێران دابپۆشن، بەڵام ئەوان خۆیان ناتوانن لەدەست ئەو جیاکارییەی کاپیتالیزمی رۆژئاوا رزگاریان بێت جا چ بگات بەوەی بتوانن بەهانای تارانەوە بێن.
ئەوروپا، رووسیا و چین تەنها بە زیادکردنی باجی ئەو بەرهەمانەی لە ئەمەریکا ساخی دەکەنەوە، بیر لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران ناکەنەوە چونکە ئەمەریکا هەم لە رووی دانیشتوان و هەم لە رووی ئابووری جیاوازی زۆری لەگەڵ ئێراندا هەیە.
ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی بۆ سێ مانگی دیکە دواخستووە کە زیاتر پیشەسازی نەوت دەگرێتەوە. بەوەی ئێران هەناردەکرێکی گەورەی نەوتە و پشتی زۆری بە پیشەسازی نەوت بەستووە، ئابوورییەکەی بە تەواوی دادەڕمێت چونکە نەوت تاکە هاوکاری حکوومەتی ئێرانە تاکو بتوانێت خەرجییە جیهانییەکانی دابینبکات.
بەڵام ئەگەر تاران زیرەکانە مامەڵە بکات دەبێت لە ئاماژەکانی ئەمەریکا تێبگات و ئابوورییەکەی بپارێزێت. واشنتن هەمان سیاسەتی هەیە، سەرەتا هۆشداری، هەڕەشە و سزا، بەڵام دواجار رێگایی دەرچوونیشت نیشان دەدات. دەبێت ئێران گوێ بۆ هەندێک لە داخوزییەکانی ئەمەریکا بگرێت تاکو کار نەگاتە قەدەخەکردنی نەوتەکەی.
سەرکردەکانی ئێران دەبێت بە هەمان رێگای کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکووردا بڕۆن، تاکو بتوانن خۆیان لە شکستی گەورەتر رزگار بکەن. ئەگەر ئەمەریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێران بگەڕێنێتەوە، ئەگەری زۆرە لە کەنداو، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ رێگریکردن لە کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی ئێران، چالاکی ئەنجامبدەن و دواجار ئەو جەنگە دروستببێت کە ناوچەکە لێی دەترسێت.
ئەمەریکا بە روونی ئەوەی گوتووە کە ئەوان داوا گۆڕینی دەسەڵاتدارانی ئێران ناکەن، بەڵکو تەنها دەیانەوێت رژێم رەفتارەکانی بگۆڕێت، ئەمەش تاکە رێگایە بۆ ئێران تاکو بتوانێت لەگەڵ ئەمەریکا ئاشتی دروستبکات، خۆ ئەگەر تاران سەرکێشی بکات و بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئەمەریکا، ئەوا ئەنجامەکەی زۆر دیارە، کە تاران زوو شکست دەهێنێت.
یەکێک لە سیاسەتەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە خۆت بکەیتە هاوڕێی ئەوەی تەواو دوژمنتە، ئەمەش لە ئێستا تاکە رێگایە بۆ تاران، بە پێچەوانە چەند تاران زیاتر سەرکێشی بکات زیاتر زەرەرمەند دەبێت.
H.J