فەرشی سووری دەسەڵات بۆ عامری دادەخرێت

"لە 48 کاتژمێری داهاتوو گەورەترین کوتلە دروستدەکرێت"

K24- هه‌ولێر:

تادێت هادی عامری زیاتر لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق نزیک دەبێتەوە لە کاتێکدا عەبادی بە کێشەی ناوخۆی هاوپەیمانێتییکەی دەورەدراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، کێبڕکێی بوون بە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق تەنها لە نێوان حەیدەر عەبادی و هادی عامری ماوەتەوە، بەڵام عەبادی ئێستا بە هۆی هاتنە ناوەوەی فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، سەر ئێشەی زیاتری بۆ دروستبووە چونکە فەیاز لەهەمان هاوپەیمانی عەبادیدایە، هاوپەیمانی نەسر.

عامری تاکە کاندیدی رەوتی فەتحە و سوودی لە هەڵوێستی براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، موقتەدا سەدریش، وەرگرتووە کە دەڵێت ئەو ئەوەندەی پرۆگرامی و پرۆژەی حکوومەتەکەی بۆ گرنگە، ئەوەندە بەخەم پۆستی سەرۆک وەزیران نییە کە دەدرێت بەکێ.

ئێستا رەنگە بۆ ئەو دوو کاندیدە ئەوەی گرنگی زۆری هەبێت، بەدەستهێنانی پشتگیری کورد و سوننەیە.

ئەوەی لەلایەکی دیکەوە بۆ عەبادی بۆتە بەربەست، بەیاننامەی چەند پارتێکی براوەی هەڵبژاردنەکان بوو.

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە کە لەلایەن فەیاز، خالید عوبەیدی و پارتێکی ئیسلامی خوێندرایەوە: " بۆ باشترکردنی رەوشی حکوومداری و چاکسازی، پشتگیری لە کاندیدێک دەکەن کە زۆربەی دەنگە جیاوازەکان لەخۆبگرێت".

لای خۆشیەوە، نەعیم عبودی، ئەندامێکی باڵای هاوپەیمانی فەتح، بۆ شەرقلئەوسەیی ئاشکراکرد، کە هاوپەیمانێتییەکەی ئەوان تەواوی هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ تاکو لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروستبکەن.

گووتیشی: "عامری تاکە کاندیدی ئێمەیە بۆ سەرۆک وەزیران".

H.J