ڤۆتێل: سوله‌یمانی له پشت چالاكییه‌كانی تێكدانی سه‌قامگیریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته
"سوپای ئه‌مریكا بۆ پاراستنی جووڵه‌ی ده‌ریاوانی ته‌نگه‌ی هورمز له ئاماده‌باشیدایه"
K24 - هه‌ولێر:
جه‌نه‌راڵ جۆزێڤ ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له پشت زۆرێك له‌و چالاكیانه‌ی ئێرانه‌وه‌یه كه ئامانجی تێكدانی سه‌قامگیریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته".
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له پنتاگۆن، ڤۆتێل گوتوویه‌تی: "قاسم سوله‌یمانی خاوه‌ن سرووشتێكی دوژمنكارانه‌یه و له هه‌ر شوێنێك چالاكییه‌كی ئێران ببینرێت، قاسم سوله‌یمانی له‌وێ ده‌بینرێت، جا له سووریا بێت یان عێراق و یه‌مه‌ن. فه‌یله‌قی قودسیش كه سوله‌یمانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه و له پشت چالاكییه‌كانی تێكدانی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌وه‌یه".
ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران له‌باره‌ی داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز له نێوان كه‌نداو و ده‌ریای عه‌ره‌ب، جه‌نه‌راڵه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه كه سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئاماده‌باشیدایه بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی ده‌ریاوانی له ته‌نگه‌ی هورمز بپارێزێت كه به گرنگترین خاڵی په‌ڕینه‌وه‌ی نه‌وتی جیهان ناوده‌برێت".
به‌گوێره‌ی راپۆرتی ئیداره‌ی وزه‌ی ئه‌مه‌ریكی بێت، 20%ـی نه‌وتی جیهان به ته‌نگه‌ی هورمزدا تێده‌په‌ڕێت بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیهان.
جه‌نه‌راڵ ڤۆتێل باسی مانۆڕ و مه‌شقه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێرانی له ته‌نگه‌ی هورمز كردووه و گوتوویه‌تی: "ئه‌وه روونه ئێرانییه‌كان ده‌یانه‌وێت تواناكانیان ده‌ربخه‌ن، چونكه له‌و كاته‌ی سزاكانی ئه‌مریكا به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنرێت ئه‌وان زیاتر و زیاتر ده‌خنكێن".