کوردێک بووە پاڵەوانی کیک بۆکسینگ لە ئازەربایجان

"سێجار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە"

K24- هه‌ولێر:

کوردێکی خەڵکی خانەقین و دانیشتووی شاری سلێمانی توانی لە پاڵەوانێتی یورەیژیا لە وڵاتی ئازەربایجان پلەی یەکەمی کیک بۆکسینگ، شێوازی کەی وەن، بەدەستبهێنێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، شڤان ستار ئەحمەدی تەمەن 24 ساڵ رایگەیاند، توانیویەتی پلەی یەکەم لە پاڵەوانێتی کیک بۆکسینگ بۆ کێشی 90 کیلۆ لە باکوی پایتەخەتی ئازەربایجان بەدەستبهێنێت.

وەک لەو گرتە ڤیدیۆیەی شڤان بۆ کوردستان24ی ناردووە دەردەکەوێت، ئەو بۆکسەرە کوردە، دوای ئەوەی رکابەرە ئازەربایجانییەکەی بە لێدانێکی کاریگەر دووچاری شکست دەکات، دەستی سەرکەوتن بەرزدەکاتەوە.

شڤان قوتابی بەشی سیاسی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە لە شاری سلێمانی و تاکو ئێستا لە پێنج پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیدا، سێجار پلەی یەکەم و دوو جاریش پلەی دووەمی وەک بۆکسەرێک بەدەستهێناوە.

H.J