چین بەرەیەکی نوێ بۆ داژیەتیکردنی ئیسلام دەکاتەوە

"روخاندنی مزگەوتێک گرژی لە نێوان حکوومەت و موسوڵمانان دروستکردووە"

K24- هه‌ولێر:

به‌ سه‌دان موسڵمانی چینی له‌ هه‌رێمی نینگێشیای ئه‌و وڵاته‌، له‌ دژی بڕیارێكی حكوومه‌ت بۆ رووخاندنی مزگه‌وتێك ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن، حكوومه‌تیش به‌ بیانووی نه‌بوونی مۆڵه‌تی درووستكردن‌، بڕیاری رووخاندنی مزگه‌وته‌كه‌ی داوه‌.

لە هەرێمی نینگێشیا لە وڵاتی چین، مزگەوتێک کە بە تەواوی دروستکراوە و کارەکانی تەواوکراوە، حکوومەتی چین نیازی هەیە بیرووخێنێت، ئەمەش کێشەی نێوان موسوڵمانان و حکوومەتی چینی قوڵترکردوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، مووسوڵمانانی ناوچەکە دەڵێن ئەوان رێگا نادەن حکوومەت ئەو مزگەوتە بروخێنێت و کاردانەوەیان دەبێت.

ماوەی دوو ساڵە ئەو مزگەوتە کاری تێدادەکرێت و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هیچیان لەسەر نەگوتووە، بەڵام ئەوەی بۆ موسوڵمانان بۆتە جێگای پرسیار ئەوەیە، بۆچی دوای تەواوبوونی مزگەوتەکە، حکوومەت بیانووی نەبوونی مۆڵەت بەکاردەهێنێت بۆ رووخاندنی.

یەکێک لە موسوڵمانانی ناڕازی، لەبارەی ئەو هەنگاوەی حکوومەت بە بی بی سی گوتووە: "ئێمە پێشیان لێدەگرین، خەڵکەکە ناهێڵن حکوومەت دەست لەو مزگەوتە بدات و حکوومەتیش ناکشێتەوە".

ئازادییە ئاینییەکان لە وڵاتی چین سنووردارە  و حکوومەت فشار و رێگری جیاواز بۆ شوێنەکەوتووانی ئاینە جیاوازەکان دروست دەکات.

ئەگەرچی بە گوێرەی دەستووری چین، هاووڵاتیان ئازادن لە پەیڕەوکردنی ئەو ئاینەی خۆیان دەیانەوێت، بەڵام تاکو ئێستا حکوومەت چەندینجار خۆی پێشێلی ئەو بڕگەیەی دەستووری کردووە.

چەندین موسوڵمان سزادراون لەبەر ئەوەی لە شوێنە گشتییەکان سەرپۆشیان پۆشیوە و گوێیان لە رادیۆ و بەرنامە تەلەڤزیۆنییە گشتییەکان نەگرتووە. هەروەها، چەندین کامپ بە ناوی "کامپەکانی فێرکاری" لە چین بونیان هەیە کە تیایاندا زۆر لە موسوڵمانان دەکرێت، واز لە ئاینەکەیان بهێنن.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی چین بە یاسایەک بەرزکردنەوەی خاچی لە کلێساکان قەدەخەکرد بەوەی دژی یاساکانی ئەو وڵاتەیە.

رێکخراوی ئەمنێستی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بارەی بڕیاری روخاندنی ئەو مزگەوتە بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەڵێت: "بە هەوڵی رووخاندنی ئەو مزگەوتە، حکوومەتی چین بەرەیەکی نوێی دژایەتیکردنی موسوڵمانانی کردۆتەوە و رەنگە ئامانج لێی زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی کەمینە موسوڵمانەکان بێت".

لە ئێستادا لە چەند هەرێمێکی چین، چالاکی ئاینی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخەکراوە و تادێتیش فشارەکان بۆ سەر ئەو 23 ملیۆن موسوڵمانەی لە چین دەژین زیاتر دەبن، بەڵام رووخاندنی ئەو مزگەوتە رەنگە سەرەتایەکی نوێی رووبەڕووبونەوەی حکومەت و ئیسلامییەکان بێت کە رەنگە رووداوی نەخوازراو بەداوی خۆیدا بهێنێت.

H.J