بۆ گرتنی وێنەیەک ژنەکەی کردە قوربانی

بۆ خێراگرتنی وێنەکە پیاوەکە هۆشی لای ئۆتۆمبێلەکەی نەماوە

K24- هه‌ولێر:

ژن و مێردێکی ئیسپانی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش دەچنە دەرەوەی شار، بەڵام پیاوەکە بەهۆی پەلەکردنی لە وێنەگرتن، هاوسەرەکەی دەکاتە قوربانی.

لە کاتی گەشتەکەیان، دیمەنی گردێک کە بەسەر رووبارێکدا دەڕوانێت، سەرنجی ئەو ژن  و مێردە رادەکێشێت و بڕیاردەدەن ئۆتۆمبێلەکەیان لە بەرزایەکەدا رابگرن و تەماشای دیمەنەکە بکەن، بەڵام پیاوەکە لە ئۆتۆمبێلەکە دێتەخوارەوە بۆ گرتنی وێنەیەک، بێ ئاگا لەوەی شوێنێ ئۆتۆمبێلەکەی خزو مەترسیدارە.

ئۆتۆمبێلەکە دەخزێت و بەرەو ناو رووبارەکە خلۆر دەبێتەوە لە کاتێکدا ژنەکەی تێدایە، بەمەش ژنەکە گیان لەدەستدەدات.

بە گوێرەی هەواڵێکی سپۆتنیکی رووسی، پیاوەکە لە کاتی قسەکردنی بۆ پۆلیس گوتوویەتی: "دیمەنێکی جوانبوو، بۆ گرتنی وێنەیەک هاتمە خوارەوە و نەمزانی ژنەکەم هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکە ماوە".

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کەسێک لە نزیک رووبارەکە تۆماریکردووە، ئۆتۆمبێلەکە تا ناو رووبارەکە ناوەستێت و بە تەواوی نقووم دەبێت.

پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پیاوەکە دەستپێکردووە و تەرمی ژنەکەشیان لەناو ئاوەکە دەرهێناوە.

H.J