"جوانكاریی چاوی ده‌ستكرد گه‌یشته‌ كۆنه‌ماسی"

پیاوێك به‌هۆی چاوی ده‌ستكرد ماسییه‌ كۆنه‌كانی ده‌فرۆشێ

K24 - هه‌ولێر:

ماسیفرۆشێك له‌ كوه‌یت بۆ ساخكردنه‌وه‌ی ماسییه‌ كۆنه‌كانی په‌نای بۆ رێگایه‌ك بردووه‌ به‌ خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌یه‌ت و به‌ رێگای دانانی "چاوی ده‌ستكرد" له‌سه‌ر چاوی ماسییه‌ كۆنه‌كان به‌رهه‌مه‌كانی به‌ تازه‌ فرۆشتووه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی "الراي"ـی كوه‌یتی یه‌كێك له‌ كڕیاره‌كان تێبینی ئه‌و فێڵه‌ی ماسیفرۆشه‌كه‌ی كردووه‌و به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك له‌سه‌ری، ده‌سه‌ڵاتداران دووكانی ماسیفرۆشه‌كه‌یان داخستووه‌.

ژنێكیش گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ماسییه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاوه‌ ده‌ستكرده‌كانی لێبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ فراوانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ باسی كاری ئه‌و ماسیفرۆشه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، جوانكاریی چاوی ده‌ستكرد گه‌یشته‌ ماسییه‌كانیش.

كۆمپانیایه‌كی راوه‌ ماسی و فرۆشتنی ماسی له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: "ئێمه‌ ماسی ده‌فرۆشین بێ ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكارییان بۆ بكه‌ین".