عه‌لى عه‌ونى ره‌خنه له فوئاد مه‌عسووم ده‌گرێت
ئه‌گه‌ر هه‌ولێر به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه بوايه وه‌ك كه‌ركووك ئێستا جڕوجانه‌وه‌ر حوكمى تێدا ده‌كرد
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان، عه‌لى عه‌ونى رايگه‌ياند، پۆستى سه‌رۆك كۆمار پشكى پارتييه و ئه‌وانى ديكه له‌سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك داواى ده‌كه‌ن. گوتيشى: سه‌رۆك كۆمارى ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى مۆزه‌مبيق بێت، يه‌ك وشه‌ش ناوى كوردستان ناهێنێت و هيچ هه‌ڵوێستێكى نه‌بووه.
عه‌لى عه‌ونى له هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستاندا، له وتارێكدا رايگه‌ياند، "ئێمه ده‌ڵێين پۆستى سه‌رۆك كۆمار پشكى كوردستانه، له كوردستانيش وه‌ك عورف، پشكى ليستى يه‌كه‌مه، نازانم هاوڕێيانى ئێمه له‌سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك داواى ده‌كه‌ن. بۆچى پشكى ئه‌وانه".
گوتيشى: "جارى رابردوو، رابردووتر پشكى ئه‌وان بوو، هيچيان پێ نه‌كرا، به بيانووى ئه‌وه‌ى كورسييه‌كى ته‌شريفاتييه. يه‌ك هه‌ڵوێستى نه‌بوو. هه‌مووش بينيمان له وتارى ده‌ستپێكى دانيشتنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا، سه‌رۆك كۆمار دوور و نزيك ناوى كوردستانى نه‌هێنا، نه باش نه خراپ. وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمارى مۆزه‌مبيق بێت، نه‌ك سه‌رۆك كۆمارى عێراق".
روونيشيكرده‌وه، "ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمارى وا بێت، ته‌نيا مووچه وه‌ربگرێت و پارێزه‌رى هه‌بێت و پاسه‌وانى لێبكرێت، هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت سه‌رۆك كۆمار بێت".
ره‌خنه‌شى له سه‌رۆك كۆمارى عێراق، فوئاد مه‌عسوم گرت و گوتى: "به وشه‌يه‌كيش هێرش و په‌لامارى ناده‌ستوورى و ناياسايى حه‌يده‌ر عه‌بادى و حه‌شدى وه‌حشى مه‌حكووم نه‌كرد".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، "به گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق، ده‌وڵه‌تى عێراق، مافى نييه، ئه‌رته‌شى عێراق بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه ناوخۆييه‌كان به‌كاربهێنێت. سوپا ته‌نيا له‌سه‌ر سنوور ده‌بێت، نه‌ك له‌شكر، حه‌شديان له شه‌و و رۆژێكدا چه‌كدار كرد و مه‌شقيان پێكردن و ته‌كنيكى ده‌روجيرانيشيان هێنا و په‌لامارى ئێمه‌يان دا و ئه‌گه‌ر ياسا له عێراق سه‌روه‌ر بوايه، ده‌بوا سه‌رۆك وه‌زيران دادگايى بكرێت، چۆن هێز بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه ناوخۆييه‌كان به‌كار ده‌هێنێت، به‌ڵام هيچ شتێك له عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه".
له به‌شێكى ديكه‌ى وتاره‌كه‌يدا، عه‌لى عه‌ونى به بێ ئه‌وه‌ى ناويان بهێنێت، گوتى: "كوڕى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌وان ده‌يوت، كوا پێشمه‌رگه شه‌ڕى كردووه، خه‌ريكى سێڵفى گرتن بوو، ئه‌وه قسه‌ى ئه‌وان بوو. ئه‌و به‌رخودانه هى ئێمه بوو. ئه‌وان شه‌ڕيان كرد و خه‌ريكى سێڵفى بوون. ئێوه شاهێدن، ئه‌گه‌ر پارتى ديموكراتى كوردستان و سه‌رۆك بارزانى نه‌بوايه، ئه‌وا ئێستا وه‌ك كه‌ركووك، له هه‌ولێريش، حه‌سه‌ن پلايس و ئه‌حمه‌د ده‌ڕنه‌فيز و ئه‌بو عيزرائيل و ئه‌و جڕوجانه‌وه‌رانه حوكميان ده‌كرد".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌وان كه‌ركووكى نازداريان راده‌ستى حه‌شد كرد و باره‌گا و مه‌ڵبه‌ند و مه‌كۆى ئه‌وان به تانك و زرێپۆش ده‌پارێزرا و عه‌ريزه‌يان ده‌دايه حه‌سه‌ن پلايس، كه بتوانن 5 كڵاشينكۆف له باره‌گاكانيان هه‌بێت، ئه‌ويش پێى وتن: "هه‌قه ئێوه دار ماسيحه به ده‌ستتانه‌وه بگرن". ئه‌گه‌ر هه‌ولێريش به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه بوايه، ئێستا چاره‌نووسى وه‌ك كه‌ركووك ده‌بوو".
سه‌باره‌ت به پارتيش گوتى: "پارتى ديموكراتى كوردستان به هيمه‌تى ئێوه، مه‌زنترين حزبى عێراقه. گوێ مه‌ده‌نه ئه‌وه‌ى كوتله‌ى فه‌تحه يان سائيرون و فڵانه، ئه‌وان هه‌ريه‌كه له زياتر 10 حزب پێكدێن و پارتى هه‌ره گه‌وره‌ى عێراق، پارتى ديموكراتى كوردستانه".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى لايه‌نه‌كانى ديكه سه‌باره‌ت به په‌لاماره‌كانى حه‌شد و سوپا بۆ سه‌ر كوردستان، عه‌لى عه‌ونى گوتى: "مه‌خابن، لايه‌نى ئێمه ده‌چوون بيرۆكه‌يان ده‌دايه ماليكى و عه‌بادى بۆ ئه‌وه‌ى چۆن بودجه ببڕن و فشار درووست بكه‌ن و چۆن ئێمه بكه‌نه‌وه سه‌ر به عێراق. هه‌روه‌ها په‌يامنێرى كه‌ناڵه‌كانى ئه‌وانمان بينى له ناو هه‌مه‌ر و زرێپۆشى حه‌شدى شه‌عبيدا و له شاشه‌كانيشيان ده‌ياننوسى "خانه‌واده‌ى بارزانى بۆ شوێنێكى ناديار هه‌ڵاتن"، "له‌شكرى عێراق، ده‌روازه‌ى حاجى ئۆمه‌رانى كۆنترۆڵ كرد"، "حه‌شدى نيشتيمانى گه‌يشته ئيبراهيم خه‌ليل"، "پێشمه‌رگه ته‌قه له برايانى حه‌شد ده‌كات". ئه‌وان به‌م جۆره بوون".
ئ.ر