لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ساڵڕۆژی ریفراندۆم بەرز رادەگیرێت
ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی تێدەپەڕێت
K24 - برۆكسڵ
ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕێت، لەناو پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کوردستانیانی ھەرچوار پارچەی کوردستان، یادی ئەو رۆژە مەزنە دەکەنەوە و کۆنفیدراسیۆنی کوردستانی دیاسپۆرا (دیاکورد) رادەگەیەنن.
کۆمیتەی دامەزراندی کۆنفێدراسیۆنی کورد لە دیاسپۆرا کۆنفراسێکی لەپەرلەمانی ئەوروپا رێکخست، کۆمیتەکە پێکھاتووە لە نوێنەری 6 فێدراسیۆنی کورد لە دەرەوەی وڵات، کە کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لەخۆدەگرێت، سەرۆکی کۆمیتەی دامەرێنەریش باس لەگرینگی کۆنفراسەکە دەکات.
کایا ئیزۆل، سەرۆکی کۆمیتەی دامەزراندی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا بە كوردستان24 راگەیاند: "نزیكەی 7 مانگە سەرقاڵی رێكخستنی فیدراسیۆنی كوردین لە وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا كە نزیكەی 6 فیدراسیۆنن، بۆ ئەوەی كۆنفیدراسیۆن پێكبێنین. كۆنفراسی یەكەم لە یەكێتی ئەوروپا ئەنجامدەدەین و وەك پرۆسەیەك بەردەوامی دەبێت".
یەکێك لە تەوەرەکانی کۆنفراسەکە، ساڵیادی ریفراندوم بوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وەك بەڵگەیەکی گرنگ، پارێزگاری کەرکووك وەك داکۆکیکارێکی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەشداری پانێلەکە بوو، روونیکردەوە کە ریفراندۆم مافی رەواوی گەلی کوردبووەو بڕیارێکی دروستی سەرکردایەتی سیاسی کورد بووە.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك بە كوردستان24 گوت: "ھەڵبەتە رۆژی 25 ئەیلوول رۆژێكە لە مێژووی گەلی كورد بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بە كەس لانابرێت، راستە دوای ئەوە تووشی سوپای داگیركەربووین و گەلەكەمان لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەوە شتێكی نوێ نییە لە مێژووی گەلی كورد".
گوتیشی: "25ی ئەیلوول لە دڵی ھەمووماندایە و لەو رۆژەدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم، دەستخۆشی لە ھەموو ئەو كەسانە دەكەم كە بەشداریان لە ریفراندۆم كرد. دەبێ شانازی بەو رۆژەوە بكەین، چونكە بە ھەموو دونیامان گوت كە سەربەخۆییمان دەوێ و ئەوەش ھەردێتەدی".
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ئاماژە بە گرنگی یادکردنەوەی ساڵانەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات، لەناو دامو دەزگاکانی ئەوروپادا بۆ ئاشناکردنی زیاتری بەرپرسانی ئەوروپا بە مافەکانی کورد. ئاژگەیی دەڵێت: "گرنگە ئەو پەیامەی گەلی كورد بڕیاری لەسەرداوە گرنگە كە بگەیەندرێتە ناوەندەكانی دەسەڵات لە دەرەوەی وڵات، رێكخستنی ئەو كۆنفرانسە لێرە ئەنجامدراوە، دەتواندرێت ئەو پەیامە بگەیەندرێتە بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا، كە رۆژێك دێت ئەو بڕیارە لەلایەن خەڵكی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردن".
ھ.م