كۆمسیۆن لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان دەكات
زۆرترین پێشێلكاریی لە سلێمانی تۆماركراوە
K24 - سلێمانی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژادن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ بەدوادەچوون لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی لە کاتی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە پێکھێناوە زۆرترین پێشێلکارییەکانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجوومەنی کۆمسیاران بە كوردستان24 راگەیاند: "ساختەكاری لە ھەموو پارێزگاكانی كوردستان ھەبووە، بەڵام رێژەكان جیاوازبوون، گرفتی ئێمە لەگەڵ سلێمانی ئەوەبوو كە ئەنجامی دەنگەكان نەگەیشتبوو، كە بزانین رێژەی دەنگدان چەندە، بۆیە ناچاربووین باسی بكەین".
لە فەرمانگەی کۆمسیۆنی پارێزگای سلێمانی، لە دەنگدانی تایبەت لەو پارێزگایە 48 سکاڵا و لە دەنگدانی گشتیشدا زیاتر لە 100 سکاڵا تۆمارکراوە، بەشێکی زۆری سکاڵاکانیش لەسەر پێشێلکارییەکانی ئەو لایەنانە بووە کە دەستێوەردانییان لە ھەڵبژادنەکاندا کردووە.
دیار نەسرەدین، جێگری بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی کۆمیسۆن لە سلێمانی دەڵێت: "ھەر سندووقێك كێشەی لەسەربووبێت و لیژنەی باڵا بە باشی زانیبێت ئەو سندووقانە قردێلەی سووریا لێدراوە".