لە ئەڵمانیا یادی تیرۆرکردنی مەشعەل تەمۆ دەکرێتەوە

سیاسەتمەداری ھەرچوار پارچەی كوردستان ئامادەبوون

K24 - ئەڵمانیا

لە شاری ئێسنی ئەڵمانیا، مەراسیمێك بەبۆنەی ساڵیادی تیرۆركردنی مەشعەل تەمۆ سكرتێری شەپێلا پێشەرۆژا كوردی لە سووریا بەڕێوەچوو. ژمارەیەك لە چالاكوان و سیاسەتمەداری ھەرچوار پارچەی كوردستان لەو مەڕاسیمەدا ئامادەبوون. مەشعەل تەمۆ بەر لە حەوت ساڵ، بەھۆی بەرھەڵستیەكانی لەدژی حكوومەتی سووریا تیرۆركرا.

لوقمان حەسەن، سیاسەتمەدار كە لەو مەراسیمە بەشداری كردبوو بە كوردستان24 گوت: "شەھید مەشعەل یەكێك بوو لە كاریزماكان، وەك كەسایەتیەكی سیاسی و رۆشنبیر خاوەن گوتارێكی نەگۆڕ بوو بەرامبەر بە رژێمی سووریا، ھەر بۆیە رژێم لێ دەترسا، ئەو توانی رۆڵێكی گەورەی ھەبێت لە شۆڕشی ئاشتی لە سووریا، لەبەر ئەوەش تیرۆركرا".

 مەشعەل تەمۆ، یەكێكە بوو لەو سیاسەتمەدارانەی كاریگەری ئەرێنی ھەبوو بەسەر ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا، بەتایبەتی لە باوەڕپێھێنان بە مافەكانی كورد لە سووریا.

رۆشنبیر وەلید عەبدوڵڵا، دەڵێت: " لای ھەموو ھاووڵاتییەكی تێكۆشەری سووریا مەشعەل تەمۆ، سیمبولە و كاتێك دەدوا ھەموو كەس گوێی بۆ دەگرت، لەبەر ئەوەی بانگەوازی دەكرد بۆ سووریایەكی دیموكرات بۆ ھەموو سووریەكان".

ھ.م