پارتی سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن

K24 - سلێمانی

بۆ پێکھێنانی كابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارە سەردانی لایەنە  سیاسییەکان بکات. بڕیاریشە یەکەم  لایەن کە سەردانی دەکات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێت. هاوكات به‌رپرسانی پارتی جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه،‌ لایه‌نه‌كان به‌ گوێره‌ی قه‌باره‌ی خۆیان به‌شداری له‌ حكوومه‌ت ده‌كه‌ن.

حەسەن جەباری، کارگێڕی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی ھەموو پێوەرەكان پارتی ھەقی خۆیەتی كە حكوومەتێكی بەھێز پێكبھێنێ، بۆ ئەم مەبەستە پارتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات، ھەر حزبە بەپێی قەبارەی خۆی، دەبێ ھەموومان باوەڕمان بەوەبێت سەردەمی پەنجا بە پەنجا لە ھەرێمی كوردستان كۆتایی ھاتووە".

ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان پێوایە لە ماوەکانی  رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان سیاسەتێکی  پەرچەکرداری ئەنجام داوە، ئەمەش بەھۆکاری کەمبوونەوەی دەگەکانیان دەزانێت، بەشداریکردنی  بزووتنەوەکەشیان  لە حکوومەتی نوێ بەبێ گەڕانەوە بۆ رای ھەڵسوڕاو و ئەندامانیان بە گونجاو نازانێت.

عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "سیاسەت بە پەرچەكردار ناكرێت، كاتی خۆی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد سەری نەگرت، دواتر لەگەڵ پارتی رێككەوت ھەر سەركەوتوو نەبوو، بۆیە دەبێ گۆڕان شیكردنەوەیەكی ورد بكات و ئۆرگانەكانی خۆی ئاگادار بكاتەوە، ئەگەر بكرێت راپرسییەك بكات، بۆ ئەوەی بڕیار بدات بەشداربێت لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یان نا؟ بە بۆچوونی خۆم دۆخەكە لەبار نییە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكوومەت بكات".

ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەراورد بە ھەڵبژاردنەكانی رابردوو قۆناخێكی نوێی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەڵام تائێستا لایەنەكان بەرچاویان روون نییە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێی، بۆیە چاوەڕێی گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەت دەكەن و ئەوكاتە بڕیاری بەشداریكردن دەدەن.

ھ.م