"ئەمەریكا دەیەوێت بەگوێرەی سیاسەتی خۆی یەپەگە بەڕێوەببات"
"ئەمەریكا پێویستی بە توركیایە"
K24 - ھەولێر
بەرپرسێكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە ھێزی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان بشكێنێت و یەپەگەش بەپێی سیاسەتی خۆی بەڕێوەببات.
مستەفا كاراسوو، ئەندامی دەستەی بەرێوەبردنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكانی نزیك لە پەكەكە رایگەیاند "ئەمەریكا دەیەوێ یەپەگە بە گوێرەی سیاسەتی خۆی بەرێوەببات و ھێزی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان بشكێنێت".
راشیگەیاندووە: "ئامانجێكی دیكەی ئەمەریكا لەناوبردنی ئێرانە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە توركیا ھەیە. بۆیەش دەیەوێ توركیا لە خۆی نزیك بكاتەوە".
چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا خەڵاتی دیاریكرد بۆ ھەر كەسێك، كە شوێنی ھەریەك لە موراد قەرەیلان و دوران كالكان و جەمیل بایك بۆ ئەمەریكا ئاشكرا بكات.
ھ.م