پەیوەندیی یەكێتی و گۆڕان ئاڵۆزتر دەبێت
گۆڕان: یەكێتی دەیەوێت خۆی بە بەھێزەوە نیشان بدات
K24 - سلێمانی
بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەوە تۆماتباردەکات، کە چەند رۆژێکە لە رێگەی راگەیاندنەکانیانەوە ھەڵمەتێکی تووندیان بەرامبەر میدیاکانی گۆڕان دەستپێکردووە و رایدەگەیێنن، کە بەشێك لە کادرو ھەڵسوڕاوانی گۆڕان چوونەتە ناو ریزەکانی یەکێتییەوە، ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕانیش دەڵێت، ئەو بانگەشەیەی یەکێتی بۆ ئەوەیە وانیشانی بدات کە بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو توانەوە دەچێت.
ناکۆکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێدەنێتە قۆناخێکی نوێ و ئەمەش لە میدیاكانی ھەردوولا رەنگی داوەتەوە.
کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی زۆر خراپە، ململانێ و باڵ باڵێن زیاتر تۆخ بووەتەوە. ھەروەھا ئەو بانگەشەیەی یەكێتی پەیوەندی بە دروستكردنی كابینەی نوێی حكوومەتەوە ھەیە، یەكێتی دەیەوێت بە پارتی بڵێت، كە بزووتنەوەی گۆڕان لاوازبووە، ئێمە لایەنێكی بەھێزین و ھێزی دووەمین لە كوردستان، بۆیە دەبێ زۆرترین پلە و پۆست بدرێت بە ئێمە".
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش رەتیدەکاتەوە ئەوەی لە میدیاکانی حزبەکەیەوە بڵاودەکرێتەوە سیاسەتی حزبەکەی بێت دژی گۆڕان، پێشی وایە ئەو کەسانەی ریزەکانی گۆڕان جێدەھێڵن ئازادن چ بڕیارێك لە ژیانی سیاسی خۆیان دەدەن، ئەو بابەتەش بە دژایەتی ھیچ کەس و لایەنێک نازانێت.
نەسروڵڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێ: "ھیچ پیلانێكی سیاسیمان دژی ھیچ لایەنێك نییە، ئەو كەسانەی دێنەوە ناو یەكێتی بە ئارەزووی خۆیان دێن و ئەوەی لە یەكێتیش دەڕوات رای خۆیەتی و كەس رێگری لێ ناكات".
قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی یەکێتی و گۆڕان لە کاتێکدایە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕان، یەکێتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە رێگری دەکات لە بەشدار بوونی بزووتنەوەکەیان لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.