هه‌سه‌ده و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ره‌وشى سنووره‌كانى توركيا تاوتوێ ده‌كه‌ن
هێشتا داعش له رۆژهه‌ڵاتى فورات ماوه و شه‌ڕى هه‌سه‌ده له دژى داعش به‌رده‌وامه

K24 – هه‌ولێر:
شاندێكى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش به سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مه‌ريكا، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌يى گشتيى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده) بۆ تاوتوێكردنى شه‌ڕى داعش و ئاسايشى سنوورى نێوان سووريا و توركيا كۆبوويه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه له گوندى گردحهبهشى خۆرئاواى شارى عامودا به‌ڕێوه‌چوو.

به گوێره‌ى زانيارييه ميدياييهكان، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، هه‌ردوولا ره‌وشى ناوچه سنوورييه‌كان و هێرشه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى توركيا و چۆنێتى رێگرتن له روودانى هه‌ر ئه‌گه‌رێك، كه ببێته هۆى ناسه‌قامگيرى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێكردووه.

له‌و ميانه‌يه‌دا، سه‌رچاوه‌يه‌ك له هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، رايگه‌ياند، هێشتا داعش له رۆژهه‌ڵاتى فورات ماوه و شه‌ڕى هه‌سه‌ده له دژى داعش به‌رده‌وامه.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ، وه‌زيرى به‌رگرى توركيا، خهلوسى ئاكار، رايگه‌ياند، ئه‌نقه‌ره چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌يه، ئه‌مه‌ريكا كۆتايى به هاوكاريكردنى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) بهێنێت، كه درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه)ن.
خهلوسى ئاكار، نيگه‌رانى و بێزارى خۆيشى له بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و وێنانه ده‌ربڕى، كه به‌رپرسانى سه‌ربازى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌سه‌ده به‌يه‌كه‌وه كۆبوونه‌ته‌وه.

سه‌رچاوه: روسيااليوم