ئەردۆغان هەڕەشەی تووند لە هێزە کوردییەکانی سووریا دەکات
"بە ترەمپیشم گوتووە، بەم نزیکانە هێرش دەکەین"
K24- ههولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی تووند لە هێزە کوردییەکانی سووریا دەکات و دەڵێت بەم نزیکانە هێرشەکانیان دەست پێدەکەن.
ئەردۆغان دەڵێت لەگەڵ ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و پێی گووتوە: "ئەو هێزانە مایەی نیگەرانی ئێمەن، ئەگەر خۆیان نەڕۆن، ئێمە خۆمان دەریان دەکەین".
دەشڵێت: "بە زووترین کات هێرشەکانمان دەستپێدەکەین و سەرۆک ترەمپ بۆ ئەوە کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە".
سەرۆکی تورکیا بەڵێن دەدات، تا "تیرۆرستێک" لە سووریا بمێنێت، ئەوان بەردەوامی بە جەنگ بدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئەمەریکا هۆشداری دابووە سوپای ئازادی سووریا و هێزەکانی نزیک لە تورکیا کە هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات لە سووریا.
تورکیا یەپەگە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت و دەڵێت دەبێت سووریا جێبهێڵن، لەکاتێکدا ئەو هێزە کوردییە بە یارمەتی ئەمەریکا و رۆژئاوا، داعشی لە زۆر ناوچەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان وەدەرنا.
سەرچاوە: سپۆتنیک
H.J