ھەسەدە زیاتر لە ھەزار ئەندامی داعش ئازاد دەكات
"ژن و منداڵیش لەنێو زیندانیان ھەیە"
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) 1100 ئەندامی بیانی رێكخراوی داعش بە ژن و منداڵەكانیانەوە ئازاد دەكات.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، ھەسەدە بە نیازە زیاتر لە ھەزار چەكداری داعشی بیانی لە زیندانەكانی ئازاد بكات.
بە گوێرەی روانگەی سووریا، سەركردەكانی ھەسەدە كۆبوونەوەیەكی درێژیان ئەنجامداوە دەربارەی چارەنووسی چەكدارە دەستگیركراوەكانی بیانی لە زیندانەكانیاندا، لە كۆتاییدا ھەسەدە بڕیاریداوە تەواوی چەكدارە بیانییەكان لەگەڵ ژن و منداڵەكانیان ئازاد بكات كە خەڵكی 44 وڵاتن.
پێشتر عه‌بدولکەریم عومه‌ر، هاوسه‌رۆكی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی كانتۆنی جه‌زیرە بە كوردستان24ی راگەیاندبوو: "ژمارەیەكی زۆر چەكدارانی داعش و ژن و منداڵەكانیان، لە بەندیخانەكانی رۆژئاوای كوردستانن، ئەوە بووەتە بارێكی گران بۆ ئێمە، كە لە 790 چەكداری داعشی بیانی و 548 ژن و ھەزار و 248 مناڵ پێکھاتوون. داوامان لە وڵاتانی ئەوروپا و رای گشتی ئەوروپا كردووە، بێن بەرپرسیاریەتی ژن و منداڵەكانی داعش كە لای ئێمە بگرنە ئەستۆ".
ھەسەدە یەكێكە لەو ھێزە سەرەكیانەی بە پاڵپشتی ھاوپەیمانان لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان شەڕی داعش دەكات. ئەو بڕیارەشیان ھاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ئەمەریكا بۆ كشانەوەی ھێزەكانیان لە سووریا.
پەیوەست بەو بابەتە ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵ بڵاويكرده‌وه، له ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه كوردييه‌كان له رۆژهه‌ڵاتى فورات، شه‌وى رابردوو، له‌گه‌ڵ پچڕانى ته‌زووى كاره‌با، 100 بارهه‌ڵگرى ئه‌مه‌ريكى كه‌لوپه‌لى سه‌ربازييان پاشه‌كشێ پێكردووه.
ئەوە لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە "داعشمان لە سوریا شکست پێھێنا و ئەوەش تاکە ھۆکاری بوونی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا بووه لە سووریا، كە ئەمەش ئامانجی سەرەكی واشنتن بوو".
كۆشكی سپی ئه‌مەریكا ئاشكرای كرد "هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له سووریا ده‌ستیان به كشانه‌وه كردووه و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش ههڵنهوهشاتهوه"، به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له ماوه‌ی 60 تاوه‌كو 100 رۆژی دیكه سووریا جێده‌هێڵن. هاوكات رووسیا پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مەریكا ده‌كات.