ھەسەدە: بڕیارەكەی ئەمەریكا كاریگەری نەرێنی دەبێت
ھەسەدە راگەیەندراوێك لەبارەی كشانەوەی ئەمەریكا بڵاو دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
دوای بڕیاری ئەمەریكا لە بۆ كشانەوەی ھێزەكانیان لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان، فەرمانداریی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) راگەیەندراوێکی بڵاوكردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ئەو بڕیارە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر شەڕی دژی تیرۆر، كە ئێستا شەڕڤانان لە شەڕێكی سەختدان لەگەڵ چەكدارانی داعش".
ھەسەدە رایگەیاندووە: "ئەو بڕیارە لە کاتێکدا ئێمە شەڕڤانان لە قۆناخێکی سەختی شەڕی تیرۆرداین لەگەڵ داعش، ھاوكات رووبەڕووی شانە نوستووەکانیان دەبینەوە کە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێت خۆیان رێكبخەنەوە. بڕیارەکەی کۆشکی سپی بۆ کشانەوە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر شەڕی دژی تیرۆر، هاوكات دەرفەت بۆ داعش دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی لە ناوچەكەدا ھێرشی پێچەوانە بكەن".
لە بەشێكی ئەو راگەیەندراوەدا ھەسەدە جەختدەكاتەوە: "ھێشتا شەڕی تیرۆر لە ناوچەكە كۆتایی نەھاتووە، ئێستا لە قۆناخێكی چارەنووسازداین و پێویستە ھاوپەیمانان بەردەوام بن لە ھێزە شەڕكەرەكان دژی داعش".