سەرۆک بارزانی نیگەرانی رەوشی کوردانی سووریایە
سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی رەوشی سووریا بڵاوکردەوە
K24 – ههولێر:
سەرۆک مەسعود بارزانی بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دوایەی سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لە ناڕوونی رەوش و سەلامەتی کوردانی سووریا دەخاتەڕوو.
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە: "ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەم دوایەی سووریا و بە تایبەت بارودۆخی گەلی كورد لەو وڵاتە جێگەی نیگەرانین".
سەرۆک بارزانی نیگەرانییەکانی دەخاتەڕوو و نووسیویەتی: "پێشتریش لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بووە، تێبینی و نیگەرانیی خۆمان ڕاگەیاندووە و نەدەبوا بەم حاڵەتەی ئێستا بگات".
سەرۆک بارزانی لە باسکردنی رەوشی کوردانی سووریا دەڵێت: "ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتیانی كوردی سووریا لە ژیانی ئاوارەییدا دەژیین و پەلاماری تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی نالەباری سیاسی و هەڕەشەكانی تر لە ساڵانی ڕابردوو، خەڵكی كوردی لە سووریا زۆر ئازار داوە، و هێشتا شەڕی داعشیش تەواو نەبووە".
ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو هیواخوازە رووداوەکانی ئەم دوایەی سووریا نەبێتە هۆی زیاتر بوونی تووندوتیژی و زیاتر هێنانی نەهامەتی و ئازار بۆ کورد لە سووریا.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەم دوایەی سووریا و بە تایبەت بارودۆخی گەلی كورد لەو وڵاتە جێگەی نیگەرانین. پێشتریش لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بووە، تێبینی و نیگەرانیی خۆمان ڕاگەیاندووە و نەدەبوا بەم حاڵەتەی ئێستا بگات.
ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتیانی كوردی سووریا لە ژیانی ئاوارەییدا دەژیین و پەلاماری تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی نالەباری سیاسی و هەڕەشەكانی تر لە ساڵانی ڕابردوو، خەڵكی كوردی لە سووریا زۆر ئازار داوە، و هێشتا شەڕی داعشیش تەواو نەبووە.
هیوادارم ڕووداوەكانی ئەم دواییە و پێشهاتە تازەكان، نەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی و شەڕ پەرە بستێنێت و، چیتر هاووڵاتیان و گەلی كورد لە سووریا ئازار و نەهامەتیی زیاتر نەبینن.
مسعود بارزانی
20ـی 12ـی 2018