"كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا پلانێكی قێزەونە"
تورکیا کەوتە ناو داڕمانی ئابوورییەوە ئەمەریکا و ئەڵمانیا زۆر هەوڵیاندا رێگری لە داڕمانى ئابووریى تورکیا بکەن
K24 - ھەولێر
لەبارەی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان، هاوسەرۆکایەتى دەستەى بەڕێوەبەرى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئەوە دەخاتەڕوو "كشانەوەی ئەمەریكا داواكردنە لە توركیا بۆ ئەوەی داگیركاری ئەنجامبدات و نابێت ئەمەریکا ببێتە هاوبەشی تاوان".
لە راگەیەندراوەكەی كەجەكە ھاتووە: "کشانەوەى ئەمەریکا لە سووریا داواکردنە لە دەوڵەتى تورك بۆ ئەوەى داگیرکاری ئەنجام بدات، ئەوەشى ئاشکرا کردووە، کە پلانیشیان بۆ هەندێک یاری و گەمە داڕشتووە. ئەوە روونە دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتى فورات هەندێک عەرەبی نۆکەر باڵادەست بکەن و هەروەها بۆ ئەوەیە پێگەى هەندێک کوردی نۆکەر کە بەشدارى داگیرکردنى عەفرین بوون، لە شارە کوردییەکاندا بەهێز بکەن. لێکدانەوەکانى بونیاتى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى رۆژئاوا ئەوە دەخاتەڕوو، کە کشانەوەى ئەمەریکا پلانێکى قێزەونی لەو جۆرەیە. سەرباری ئەوەى چەندین ساڵە پیلانى لەو جۆرە لە ئارادان، بەڵام باکووری سووریا خۆی لە هێڵی شۆڕشی دیموکراتیك دوورنەخستووەتەوە. بە پێچەوانەوە، کورد، عەرەب، ئاسور، سوریان، چەرکەز، تورکمەن، دورزی و ئەرمەنی لەسەر هێڵی نەتەوەى دیموکراتیک یەکێتى دیموکراتیکى خۆیان بونیاتناوە و شۆڕشی دیموکراتیکیان بەهێزتر کردووە."نابێت ئەمەریکا ببێتە هاوبەشی تاوان".
لە بەشێكی دیكەی ئەو راگەیەندراوە ئاماژە بەوەكراوە: "ئەمەریکا بە کشانەوەى لە سووریا نایەوێت وەك تورکیا بکەوێتە ناو زۆنگاو، بۆیە دەبێت نەکەوێتە ناو یارییەکانى دژ بە کورد و خۆیشی نەخاتە ناو زۆنگاو، دەبێت ئەمەریکا نەبێتە هاوکاری داگیرکەریى دەوڵەتى تورك و ناشبێت لە دژی هێزەکانى کوردی ئازاد و دیموکراتیک بکەوێتە ناو یاری و گەمەکە، نابێت هەنگاوێکی تر بۆ هێرش و دژایەتی و ناهەقی و کاری دژ بە کوردان بنێت".
کەجەکە راشیگەیاندووە: "کاتێک ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنى دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادیى کورد ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دەبینرێت کە لە دژی شۆڕشی رۆژئاوا پیلانگێڕیش ئەنجام دەدرێت، کاتێک تورکیا کەوتە ناو داڕمانی ئابوورییەوە ئەمەریکا و ئەڵمانیا زۆر هەوڵیاندا رێگری لە داڕمانى ئابووریى تورکیا بکەن، بۆ ئەوەى لە رووی سیاسییەوە یارمەتیى بدەن بۆ 3 پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادی فەرمانى دەستگیرکردن لە رێگەى خەڵاتەوە دەرکرا. ئەوانە هەمووی بۆ ئەوەیە تورکیا، کە بەهۆی تێکۆشانی کوردان و هێزە دیموکراسیخوازەکانەوە تووشی قەیرانى سیاسی و ئابوورییەوە بووە، دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە - مەهەپە لەو قەیران و داڕمانەوە رزگار بکەن، هەروەها سیستمى دیموکراتیکى کورد، عەرەب، سووریانی و هەموو گەلان لە رۆژئاوا و باکووری سووریا، کە سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورکی سووریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێکشکاندووە، کردووەتە ئامانج، دەوڵەتى تورک و چەتەکانی خۆیان خستە زۆنگاوی سووریاوە و بۆ ئەوەى رزگاری بکەن دەستیان بە داگیرکردنى باکووری سووریا کرد، بەڵام ئەوێ بۆیان دەبێتە زۆنگاوێکى زۆر خراپتر لەوەى سووریا".