عێراق 50 ملیار دینار بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ته‌رخان ده‌كات

"ته‌نیا قۆناغی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ پێویستی به‌ 420 ملیار دیناره‌"

K24- هه‌ولێر:

مه‌ریوان نادر، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، له‌ ماوه‌ی ساڵی 2019 عێراق 50 ملیار دیناری بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ته‌رخان كردووه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌ دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، "پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2019 بڕگه‌یه‌ك به‌ بڕی 50 ملیار دینار له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری ته‌رخان كراوه‌" و وه‌ك دووپاتیكرده‌وه‌، "به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی باشه‌، چونكه‌ ساڵانی رابردوو هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك به‌ مادده‌ی140 نه‌درابوو".

نادر گوتی: "مادده‌ی 140 ته‌نیا بۆ ئه‌مساڵ پێویستی به‌ 420 ملیار دیناره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی قۆناغی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانپێگه‌یشتووان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌نیا 50 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانكراوه‌".

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا مه‌ریوان نادر گوتی: "دیاریكردنی ته‌نیا ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌، قۆناغی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیاپێگه‌یشتووان دواده‌خات"، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پێكهاته‌ زیانپێگه‌یشتووانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن رژێمی پێشوو زیانیان به‌ر كه‌وتووه‌".

H.B