بەفر ھاتووچۆی بارزگانی لە دوو دەروازەی سنووری راگرت
شەپۆلێكی بەفربارین ھەرێمی كوردستانی گرتەوە
K24 - ھەولێر
بەھۆی بارینی بەفرێكی زۆر ھاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و مەرزی كێلێ راگیرا.
تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە حاجی ئۆمەران رایگەیاند: "بەھۆی بارینی بەفری زۆر ھاتووچۆی بارزگانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران راگیرا و ھاتن و چوونی گەشتیارانیش سست بووە".
پەیامنێرمان روونیكردەوە: "ھاتووچۆ لە دیوی ئێران راگیراوە، چونكە شۆفێرانی بارھەڵگر نەیانتوانیوە بەھۆی زۆری بەفرەكەوە كاری خۆیان ئەنجامبدەن و تا ئەو كاتەی كە رێگاكە پاكدەكرێتەوە ھاتووچۆی بازرگانی راگیرا".
لە لایەكی دیكەوە ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند: "بەھۆی شەپۆلی بەھێزی بەفربارین، ھاتووچۆ لە مەرزی كێلێ راگیرا".
وەك كەشناسی پێشبینی كردبوو، ئەمڕۆ شەپۆلێكی بەفربارین زۆربەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە چەندین ناوچەش بەھۆی بارینی بەفری زۆر ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیان دروست بووە.
ھ.م