وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو

ژان ئیڤ لو دریان: گەلی کورد و فەرەنسا دۆستایەتییەکی دێرینیان هەیە

K24 – هه‌ولێر:

ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێش جێهێشتنی هەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا دۆستایەتی گەلی کورد و فەرەنسای دووپات کردەوە.

لو دریان لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سەردانەکەم لە ژێر ناونیشانی دۆستایەتی بوو بۆ گەلی کورد".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا راشیگەیاند: "سەردانەکەم بۆ رێزگرتن بوو لە  کوردستان و پێشمەرگە چونکە پێشمەرگە بەسەر داعشدا سەرکەوت کە رۆژانێک لێرە زۆر نزیک بوون".

لو دریان داوای کرد حکومەتێکی فیدراڵ و دیموکراتی لە عێراق دابمەزرێت و هۆشداری ئەوەشی دا کە سەرهەڵدانەوەی داعش هێشتا جێگای مەترسییە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت ئەو لە هەرێمی کوردستان زۆر باسی لە رەوشی سووریا کردووە و داوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ دۆخی باکووری سووریا دەکات.

لو دریان ستایشی پەیوەندییە دێرینەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکانی فەرەنسای کرد و رایگەیاند پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا دێرین و دۆستانەن و شانازی پێوە دەکەن.

سوپاسی حکومەتی هەرێمیشی کرد بۆ گرتنە خۆی ئەو سەدان هەزار پەنابەرەی لە ماوەی چەن ساڵی داعش روویان لە هەرێم کردووە.