ئاری ئەحمەد: رەزامەندی لەسەر پێنج پڕۆژە دراوە

بۆ بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی لە ناوچە جیاوازەکان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر پێنج پڕۆژەی ستراتیجی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ سەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەم هەنگاوە نوێیەی حکوومەت دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان لە سنووری سۆران، خەبات، کەلار و کۆیە دەستەبەر دەکات. لەپاڵ پڕۆژەیەکی تایبەت بە فراوانکردنی تۆڕی ئاوی قەندیل، پیرمام و شەقڵاوە، کە سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ دۆخی ئاوی ئەو دەڤەرانە دەگێڕێتەوە. ئەگەر گرفتی دارایی نەبێت لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەمیان دەکەونە بواری جێبەجێکردن.

سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، کابینەی نۆیەم رێگەی نەداوە پلانەکانی ژێرخان پەکبکەون؛ سەرجەم نەخشە و لێکۆڵینەوە ئەندازیارییەکانی ئەم پڕۆژانە 100%ـی تەواوکراون، تا لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێویست، دەستبەجێ بچنە بواری جێبەجێکردن و ئاوی پاک بگەیەننە ماڵی هاووڵاتییان.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ستراتیژیی بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەی ئاوی بە تێچووی 1 ترلیۆن و 195 ملیار و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ کردووە. ئەم پڕۆژانە رۆژانە زیاتر لە 852 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن و کێشەی کەمئاوییان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لە چەندین شار و شارۆچکە بنبڕ کردووە.