لە پێنج رۆژدا لە گەرووی هورمز حەوت کەشتی کراونەتە ئامانج

ئاژانسی هەواڵی ‘فارس’ـی نزیک لە سوپای پاسداران ئامارێکی نوێی لە بارەی هێرشەکانی گەرووی هورمز بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: پێچەوانەی بانگەشەکانی ترەمپ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆژانە زیاتر لە کەشتییەکیان بە ئامانج گرتووە.

ئاژانسەکە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی مێنچ ئۆسێنت کە چاودێری جووڵەی دەریایی دەکات، تەنیا رۆژی هەینی 2ـی ئەم مانگە دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقێندراونەتەوە.

پێشتریش حوسێن موحیبی گوتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداریدا بوو و گوتبووی: هەر کەشتییەک نیازی تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمز هەبێت، سەرکێشی دەکات یان لەلایەنی هێزی دەریایی ئێمەوە دەکرێتە ئامانج، یان بەر مینی دەریایی دەکەوێت.

هەروەها ماڵپەڕی مێنچ ئۆسێنت پاڵپشت بە راپۆرتی دەریایی بەریتانیا ئاماژەیداوە، جیا لەو دوو کەشتییە نەوتهەڵگرەی هەینی 2ـی تشرینی یەکەم لەلایەن ئیرانەوە کراونەتە ئامانج، لە چوار رۆژی پێشووتریش دوو کەشتی نەوتهەڵگری کوەیتی و سێ کەشتی نەوتهەڵگری ئیماراتی کراونەتە ئامانج.

لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026دا، بۆ سەر تاران و زیاتر لە 100 ناوچەی دیکەی ئێران، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی دووەم رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردەی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە کوژران، گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوی داخرا، بەمەش گورزێکی کاریگەر بەر بازاڕی وزەی جیهانی کەوت، بەو پێیە رۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەم گەروەوە تێدەپەڕی.