پارتی و گۆڕان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

پارتی و گۆڕان: پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت

K24 – سلێمانی:

دوای کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، هەردوولا لەسەر پێکهێنانی دوو لیژنە رێککەوتن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و گۆڕان، نابێت چیدیکە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت.

لە راگەیندراوەکە هاتووە: "هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن".

دەقی بڵاوکراوەکە:

لە درێژەی بەڕێوەچوونی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و خێراتركردنی گفتوگۆكان لەسەر بەرنامەی كابینەی نۆیەم ‌و پێكهاتەكەی، رۆژی 15ی1ی 2019، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.

كۆبونەوەكە لە كەشێكی بەرپرسیارانە‌و بە گیانی كاری هاوبەش ‌و پێكەوەیی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەواو ‌و وەك، هەردوولا لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری چاكسازی بنەڕەتی ‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی، بەڕێوەچوو.

هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت.

هەردوولا جەختیان كردەوە لەوەی، دەبێت پەلە بكرێت ‌و چیدی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ‌و رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران دوا نەخرێت.