لە كەركووك چەكدارێكی حەشد و ئافرەتێك كوژران

ھێرش كراوە و تەقینەوەش روویداوە

K24 - ھەولێر

بەھۆی ھێرش و تەقینەوەیەك لە كەركووك، چەكدارێكی حەشدی شەعبی و ئافرەتێك كوژران و دوو كەسی دیكەش برینداربوون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای كەركووك رایگەیاند "لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە گوندی سەبتی لەباشووری پارێزگاكە، ئافرەتێك كوژرا و دوو كەسی دیكەش برینداربوون".

لەلایەكی دیكەوە پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق ئاشكرای كرد "لە ھێرشێكی چەكدارانی داعشدا، چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە باشووری كەركووك كوژرا".

دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و كشانەوەی ھێزی پشمەرگە لە كەركووك و بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دیكە، دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە لەبارێكی خراپدایە و تائێستاش نەتوانراوە رێگری لە ھێرشەكانی چەكدارانی داعش بكرێت.