ناوی ئەندامانی لیژنەكانی نێوان پارتی و گۆڕان ئاشكرا دەكرێت

پارتی و گۆڕان چەند لیژنەیەك دروست دەكەن

K24 - سلێمانی

دوو لیژنە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێكھێنراون و بەرپرسێكی گۆڕان ناوی ئەندامانی لیژنەكان بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات.

دانا عەبدولكەریم، بەرپرسی بەشی حكوومەت لە ژووری حكوومەت و پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەندامانی ئەو دوو لیژنەیەی لەنێوان پارتی و گۆڕان پێكھێنراون، لەلایەن گۆڕانەوە ھەر یەك لە عەلی حەمە ساڵح و ئاراس وەلی و دانا عەبدولكریم. ھەروەھا لەلایەن پارتییەوە ھەر فرسەت سۆفی و دڵشاد شەھاب ئەندامی لیژنەكانن".

رۆژی 15/1/2019 جارێكی دیكە شاندی پارتی و گۆڕان، لەسەر پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێكی ھاوبەشدا ئاشكرایان كرد "هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكوومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكوومەت".