ته‌ڤده‌م: باس له بوونی رێككه‌وتنێكی نهێنی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق ده‌كات
ئامانجی ئه‌و رێككه‌وتنه سڕینه‌وه‌ی كورده له سووریا
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی كورد له رۆژئاوای كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناچه ئارامه ده‌كات، كه ده‌گوترێت له‌لایه‌ن توركیاوه سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ده‌كرێت و داواش له رووسیا ده‌كات، فشاره‌كانی بۆ سه‌ر حكوومه‌تی سووریا چڕ بكاته‌وه، بۆئه‌وه‌ی له دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردی به‌رده‌وام بێت.
غه‌ریب حه‌سۆ، هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری جڤاكی دیموكرات ناسراو به "ته‌ڤده‌م" كه داكۆكی له ئیداره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمی خۆسه‌ر "حوكمی زاتی" بۆ باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌كات، دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ڵوێستی ئێمه به‌رامبه‌ر توركیا نه‌گۆڕه و هه‌میشه گوتوومانه كه ده‌كرێت هاوكاریێكمان بۆ راگه‌یاندنی ناوچه‌ی ئارام هه‌بێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی له‌ژێر چاودێری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت، چونكه له جاڕنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا هه‌ر به‌م شێوه‌یه، كه ناوچه‌ی ئارام له‌نێوان دوو لایه‌نی ناكۆك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ده‌كرێت".
ئه‌م قسانه‌ی حه‌سۆ له میانه‌ی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ "عه‌ره‌بییه نێت" هاتوون و جه‌ختی كرده‌وه، "راگه‌یاندنی ئه‌و ناوچه‌یه به چاودێری و سه‌رپه‌رشتی توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه و دانی پێدا نانێین، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه پێشنیازێكی توركیایه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ئه‌نقه‌ره".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ته‌ڤده‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیای به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه "له‌ڕووی سه‌ربازی، لۆجستی و سیاسییه‌وه پشتیوانی تیرۆر ده‌كات"، گوتیشی: "به‌ڵگه‌ی ته‌واومان له‌به‌ر ده‌سته كه ئه‌نقه‌ره پشتیوانی تیرۆر ده‌كات".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا هاوسه‌رۆكی ته‌ڤده‌م دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌نقه‌ره پشتگیرییه‌كی زۆر به‌هێزی توندڕه‌وه‌كان له سووریا كردووه، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیان رێكخراوی داعش و به‌ره‌ی نوسره، وێڕای پشتیوانیكردنی بۆ گروپه ئۆپۆزسیۆنه چه‌كداره‌كانی سووریا، كه له ناو خاكی توركیاوه هێرشی ناو خاكی سووریا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دیارترین هۆكاره بۆئه‌وه‌ی دووباره جه‌خت له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌و جۆره ناوچه ئارامه بكه‌ین".
حه‌سۆ گوتی: "سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ توركیا و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی درووست نه‌كردووه" و ده‌می پرسیاری كرده‌وه و گوتی: "كه‌واته بۆچی توركیا دیوارێكی به درێژایی 900 كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر سنوور درووستكرد؟ ئه‌ی بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌بوو؟ به‌ڕاشكاوانه ئه‌وه توركیایه هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی ئێمه ده‌كات، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی".
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، "ئێمه سنوورمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ش هه‌یه، له‌وانه عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها توركیا، به‌ڵام تائێستا ده‌ستمان درێژ نه‌كردووه‌ته سه‌ریان و ته‌نیا گوللـه‌یه‌كیش له سنووری ئێمه‌وه به‌رووی خاكه‌كانیان نه‌ته‌قێندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه خۆیه‌تی كه گومان له بوونی ئێمه له نزیك سنووره‌كانی ده‌كات، كه تاكه ئامانجی دژایه‌تیكردنی كورده و هیچی تر".
حه‌سۆ له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، داگیرساندنی چرای سه‌وزه بۆ ئه‌نقه‌ره، كه ئامانجی داگیركردنی چه‌ند شارێكی دیكه‌یه له ناوچه كوردییه‌كانی سووریا"، بۆیه وه‌ك دووپاتیكرده‌وه، "ئامانج له پڕۆژه‌ی راگه‌یاندنی ناوچه‌ی ئارام بۆ پاراستنی كورد نییه".
جگه له‌مه‌ش ئه‌و به‌رپرسه كورده گوتی: "ئه‌مه جۆرێكی نوێی داگیركردنه و به هه‌موو تواناكانمان رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، هه‌ر كه‌سێك قسه له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی له‌مجۆره به چاودێری توركیا بكات، پێویسته سه‌ره‌تا دۆخی شاری عه‌فرین له‌به‌رچاو بگرێت، كه دوای هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو ئه‌و شاره چه‌ند كاره‌ساتی گه‌وره له عه‌فرین روویاندا".
هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی رژێمی سووریاشی به‌رامبه‌ر به راگه‌یاندنی ئه‌و ناوچه‌یه به "شه‌رمه‌زار" وه‌سفكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "بێده‌نگی حكوومه‌تی دیمه‌شق به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵانه‌ی توركیا مایه‌ی نیگه‌رانییه و راگه‌یاندنی ناوچه‌یه‌كی له‌م جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ جینۆسایدكردنی گه‌لانی ناوچه‌كه".
هاوسه‌رۆكی ته‌ڤده‌م به‌دووریشی نه‌زانی كه "رێككه‌وتنێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو له‌نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق هه‌بێت، بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد له سووریا"، له ئه‌گه‌ری بوونی رێككه‌وتنێكی له‌م جۆره‌ش دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه رژێمی سووریا ده‌یكات".
له دیداره‌كه‌یدا حه‌سۆ رووداوه‌كانی ساڵی 2011ی به‌بیر دیمه‌شق هێنایه‌وه و گوتی: "ئه‌ی بۆچی له ساڵی 2011 رژێمی سووریا به تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ جیابوونه‌وه و چوونه پاڵ وڵاتێكی دیكه هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری له دژی كورد ده‌ستپێكرد؟"، پرسیاریشی كرد، "بۆچی ئه‌و كات حكوومه‌تی دیمه‌شق ئێمه‌ی به‌و هۆكاره ده‌ستگیر ده‌كرد، له‌كاتێكدا ئێستا رووبه‌ڕووی توركیا نابێته‌وه، كه هه‌وڵ بۆ پارچه‌كردنی راسته‌وخۆی خاكی سووریا ده‌دات؟".
هه‌روه‌ك داواشی له مۆسكۆ كرد، "رۆڵی مێژوویی خۆی له فشار خستنه‌سه‌ر حكوومه‌تی دیمه‌شق بگێڕێت، بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به دانوستانه‌كانی سووری - سووری بدات".
H.B