ئه‌مه‌ریكا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی سنووری عێراق ده‌كات
ئه‌فسه‌رێكی سوپا ژماره‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له پارێزگای ئه‌نبار ئاشكرای ده‌كات، چه‌ند كاروانێكی سه‌ربازی ئۆتۆمبێل و هه‌مه‌ر، له چوارچێوه‌ی هێزێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا و له‌وێ جێگیر بوونه.
به گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، ئه‌و هێزه له ناوچه‌ی سنوورییه‌كان، به دووری 490 كیلۆمه‌تری رۆژئاوای ئه‌نبار، له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئه‌رده‌ن جێگیر بوونه.
سه‌رچاوه‌كه باس له‌وه ده‌كات، جێگیربوونی ئه‌و هێزه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دوائۆپهراسیۆن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و رووبه‌ره‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعش له ناوچه‌ی باغوزی رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دێره‌زوور، كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ عێراق و مه‌به‌ستیش لێی سه‌قامگیری سنووره‌كه‌یه.
ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراقیش رایگه‌یاندووه، ئه‌و هێزانه له بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌دی ئه‌نباره‌وه هاتوونه و رێگه‌ی خێرای نێوده‌وڵه‌تییان به‌كارهێناوه تا گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌كه.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره روونیشی ده‌كاته‌وه، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازییان وه‌كو حه‌بانیه 30 كیلۆمه‌تر رۆژهه‌ڵاتی رومادی، ئه‌سه‌د 90 كیلۆمه‌تر رۆژئاوای رومادی، له‌گه‌ڵ دوو بنكه‌ی دیكه له شارۆچكه‌كانی قائیم و روتبه.
تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكاش، هیچ راگه‌یه‌ندراوێكیان له باره‌ی جووڵه‌ی ئه‌و هێزه ئه‌مه‌ریكییه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: رووسیه‌لیه‌وم