بانکی نێودەوڵەتی: ساڵانە پێویستمان بە 12 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک
جێگری سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا، ئەفغانستان و پاکستان رایگەیاند، ناوچەکە ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 12 ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەیە لە بواری بەرزکردنەوەی کارامەیی ئاودێری و داهێنانی کشتوکاڵیدا، بەتایبەت لە کاتێکدا پێشبینیدەکرێت تا ساڵی 2050 خواست لەسەر خۆراک بە رێژەی 67% بەرز بێتەوە.
یەکشەممە 13ـی ئەیلووولی 2026، عوسمان دیۆن، جێگری سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا، ئەفغانستان و پاکستان، رایگەیاند، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی، ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانێکی توندی کەمئاوی بووەتەوە، بە شێوەیەک کە کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی 87%ـی سەرچاوەکانی ئاو بەکاردەهێنێت،، هاوکات زیاتر لە 142 ملیۆن کەسیش لە دۆخی نائاسایشی خۆراکدا دەژین.
بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، چارەسەری بنەڕەتی بریتییە لە چاککردن کارامەیی بەکارهێنانی ئاو، دووبارە بەکارهێنانەوەی (ریسایکڵین) و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بەرهەم لە هەر دڵۆپە ئاوێک.
بانکی نێودەوڵەتی داوادەکات،، وڵاتانی ناوچەکە سەرچاوەکانی هاوردەکردنی خۆراک، رێڕەوە بازرگانییەکان و کۆگای ستراتیژیی خۆراک هەمەچەشن بکەن، بەتایبەت لە سایەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا، هاوکات کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک کە ئێستا نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمەکان لەخۆدەگرێت.
لە رووی دەرفەتی کارەوە، بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت،، ئێستا نزیکەی 63 ملیۆن هەلی کار پەیوەستە بە سیستەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکان، و دەکرێت تا ساڵی 2050 پێنج ملیۆن هەلی کاری نوێی دیکەش لە رێگەی پەرەپێدانی پیشەسازی، کۆگاکردن، گواستنەوە و تەکنەلۆژیاوە دەستەبەر بکرێت.
جێگری سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی باسی لەوەش کردووە، سعوودیە بەهۆی پێگەی جوگرافی، توانا دارایی و ژێرخانە بەهێزەکەیەوە، دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی هەرێمی بۆ خۆراک لە رێگەی دروستکردن، پڕۆسێسکردن، کۆگاکردن، دابەشکردن و دووبارە هەناردەکردنەوە، هاوتەریب لەگەڵ وەبەرهێنان لە کەرتی تەکنەلۆژیا، شیرینکردنی ئاوی دەریا و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکاندا.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، پرسی ئاسایشی خۆراک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر تەنیا بابەتێکی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو دەرفەتێکی گەورەی ئابوورییە کە پێویستی بە پێکەوەبەستنی کەرتی ئاو، بازرگانی، تەکنەلۆژیا و زنجیرەکانی دابینکردن هەیە، هاوکات هاوکاریی هەرێمایەتیش هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگەگرتن لە بەرامبەر قەیران و تەنگژەکاندا.