سیناتۆرێكی ئه‌مه‌ریكی: به راگه‌یاندنی ناوچه‌ی ئارام پارێزگاری له كورد ده‌كه‌ین
200 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له سووریا ده‌مێننه‌وه
K24- هه‌ولێر:
لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێشتنه‌وه‌ی ژماریه‌كی كه‌می سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكی له سووریا، به بڕیارێكی زیره‌كانه وه‌سف ده‌كات.
گراهام ده‌ڵێت: "200 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له سووریا ده‌مێننه‌وه و ژماره‌یه‌كی زیاتریش له عێراق ده‌بن"، گوتیشی: "ئه‌م بڕیاره‌ی تره‌مپ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی 1000 سه‌ربازی ئه‌وڕوپی ره‌وانه‌ی سووریا بكرێن".
جه‌ختیشی كرده‌وه، له قۆناغی دوای تێكشكاندنی داعش، بارگرانیێكی زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی ئه‌وڕوپییه‌كان و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "دوای نه‌مانی داعش، له80%ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی چاودێریكردنی دۆخی سووریا له ئه‌ستۆی ئه‌وڕوپییه‌كان ده‌بێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له باكووری سووریا، باشترین بژارده‌یه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه‌كانی توركیا و پاراستنی هێزه كوردییه‌كان له سووریا".
گراهام ئاماژه‌ی به‌وه دا، " ئەم بڕیارەی سەرۆک زۆر باشە، چونکە رێگە بە ئێرانیش نادات بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە. هەروەها رێگە بە هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان تورکیا و کوردەکان نادات، کە هاوکارمان بوونە".
H.B