له قوتابخانهیهكدا 125 كهس ناویان محهمهده
قوتابیان به ناوی چوارینه له یهكتری جیادهكرێنهوه
K24 - رانیە
لە قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی رانیە 125 قوتابی و مامۆستا و کارگوزار، ناویان محەمەدە. سێ مامۆستای قوتابخانەکەش ناویان محەمەدە، بەڵام لە خۆشەویستیان پێی دەڵێن محەمەد، بۆ جیاکردنەوەی ناوی قوتابیە محەمەد ناوەکان مامۆستاکان ناچارن ناوی باوکیشیان ئاماژە پێ بکەن، بەڵام چەند قوتابیەك ناوی خۆیان و باوک و باپیریشیان هەمان ناوە، بۆیە دەبێ ناوی چواریشیان بهێنرێت تا جیا دەکرێنەوە.
لە قوتابخانەی سەرسیانی بنەڕەتیە لە شارۆچکەی حاجیاوای سنووری پەروەردەی رانیە، لەهەر هەشت قوتابییەك یەکێکیان ناوی محەمەدە. ئەگەر مامۆستا لەپۆلێکدا بڵێ محەمەد، زۆربەیان پێكەوە وەڵام دەدەنەوە.
لەو قوتابخانەیە تێکڕای ئەو قوتابیانەی ناویان محەمەدە ژمارەیان زیاترە لە 120 قوتابی، لەگەڵ ئەوەش سێ مامۆستا و کارگوزارێکیش ناویان محەمەدە. مامۆستاكانی ئەو قوتابخانەیە دەڵێن، بۆ ئەوەی محەمەد ناوەکان لەیەکتر جیابکەینەوە ناچاربووین لەگەڵ ناوهێنانیان ناوی باوکیشیان ئاماژە پێبکەین.
قوتابخانەی سەرسیانی بنەڕەتی یەکەم قوتابخانە نییە ئەو ژمارە زۆرەی لە قوتابیان هەبێ کە ناویان محەمەدە، بەڵکو پێنج قوتابخانەی دیکەش لەسنووری پەروەردەی رانیە ژمارەی ئەو قوتابیانەی ناویان محەمەدە لە 100 قوتابی نزیک دەبێتەوە، کە بەشێیکی زۆریان بەناوی باپیر یان کەسێکی نزیکی خۆیانەوە کراونەتەوە.
ھ.م