بزووتنەوەی ئیسلامی گۆڕانكاریی نێوخۆیی دەكات

كۆنفرانسێك رێك دەخات

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ھەڵسەنگاندنی کارە ئیداری و سیاسییەکانی نێو خۆی بزووتنەوەکە، ھەروەھا به‌ مه‌به‌ستی داڕشتنی بەرنامەیەکی سیاسی بۆ چەند ساڵی داھاتووی خۆی، ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنفڕانسێک دەکات، بڕیاریشە چەند گۆڕانکارییەک لە ناوخۆی ئەو بزووتنەوەیە بکرێن.

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان ناسراوە، بە مەبەستی ھەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی چەند کێشیەک و ئەنجامدانی چاکسازیی ناوخۆیی، ھەروەھا ھۆکارەکانی بەدەست نەھێنانی دەنگی پێویست لە دوو ھەڵبژاردنی رابردوو، کۆنفڕانسێک ساز دەکات.

عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆنفرانسەكە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەدا و كارو پڕۆژەكانی بزووتنەوەی ئیسلامییە، لە ھەمان كاتدا بۆ دانانی نەخشەڕێگایەكه‌ بۆ چەند ساڵی داھاتووی كاركردنمان، بۆیە ئەم كۆنفرانسە سەبارەت بە بزووتنەوەی ئیسلامی، كۆنفرانسێكی جیددی دەبێت و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت".

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەنێوان دوو کۆنگرەدا، کۆنفڕانسێک دەبەستێت، کە ئامانج لێی، خۆ نوێکردنەوە و پێداچوونەوەیە بە پەیکەری حزب و راستکردنەوەی ھەڵەکان، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، کۆنفڕانس دەسەڵاتی گۆڕینی ئۆرگەکانی وەک بەرپرسی مەکتەب، مەڵبەند و رێکخراوەکانی ھەیە. به‌ڵام ھێشتا روون نییە ئایا گۆڕانکارییەکان بە دڵی بەرپرسە دەستلەکارکێشاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە دەبن، یان داواکارییەکانیان بە ھەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.

ئالان بەرزنجی، بەرپرسی مەڵبەندی 2ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "ئەو ئەندامانەی كە دەستیان لە پۆستەكانیان كێشاوەتەوە، مافی بەشداریی كردنیان ھەیە لە كۆنفرانسەكەدا، چونكە وازیان لە حزب نەھێناوە".

بزووتنەوەی ئیسلامی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بھێنێت، بزووتنەوەکە ھەر زوو ددانی بە شکستەکەیدا نا و بڕیاری پێداچوونەوەی بە کاروباری سیاسی دا، بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیەش نیگەران بوون و نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد، دیارترین داواکاریی بەرپرسە دەستلەکارکێشاوەکانی بزووتنەوەکەش، ئەنجامدانی گۆڕانکاری و بەستنی کۆنفڕانس بوو.

ھ.م