"هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌مێننه‌وه"
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی: گفتوگۆكانی ناوچه‌ی ئارام شكستهێناوه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریكی، سوپای ئه‌مه‌ریكا پلان بۆ هێشتنه‌وه‌ی 1000 سه‌رباز له سووریا داده‌ڕێژێ. ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه پێش سێ مانگ، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته بڕیاری كشانه‌وه‌ی له سووریا ده‌ركرد و داوایكرد سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان پلان بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان دابڕێژن و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مه‌ریكاش زانیارییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه.
له راپۆتی رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكراوه، گفتوگۆكانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ توركیا و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانی و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كه خۆی پاڵپشتیان ده‌كات شكستیهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئارام له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا درووست بكرێت، له كاتێكدا به‌شێك بووه له پلانی تره‌مپ له كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته.
به‌ڵام جه‌نه‌راڵ جۆزیف دانفۆرد، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی: "راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ راست نییه و ئه‌و زانیاریانه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
له به‌یاننامه‌یه‌كی پێنتاگۆندا دانفۆرد گوتوویه‌تی: "ئه‌و پلانه‌ی مانگی فێبرایه‌ر داڕێژراوه، هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و به‌رده‌وام ده‌بین له كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له سووریا".