سه‌رۆك بارزانی دڵنیایی ده‌داته‌ كریستیانه‌كانی كوردستان

به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی ئه‌كیتۆ پیرۆزبایی له‌ خوشك و برایانی كلدان سریان ئاشووری ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ په‌یامێدا، به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سەری ساڵی نوێی بابلی كلدانی سریانی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ, پیرۆزبایی له‌ خوشك و برایانی كلدان سريان ئاشوورى ده‌كات و دڵنیاییش ده‌داته‌ كرسیتیانه‌كان و رایده‌گه‌یه‌نێت، كوردستان وڵاتی خۆیانە و نابێ زێدی باب و باپیرانی خۆیان جێ بهێڵن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

"بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی بابلی كلدانی سریانی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كلدان سریان  ئاشووریی كوردستان و عێراق دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.

لەو بۆنەیەدا جەخت لە قووڵتركردنی كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتی و برایەتی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەكەینەوە و بە تایبەت خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی خۆیانە و نابێ زێدی باب و باپیرانی خۆیان جێ بهێڵن و پێویستە هەموومان وڵاتی خۆمان پێكەوە بەرەو پێشەوە ببەین.

ئومێدی ئەوەیش دەخوازم ئاوارە و پەنابەرەكان بەزووترین كات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی تر. هیوادارم ساڵی تازەتان پڕ بێ لە خۆشی و كامەرانی و هەموو جەژنەكانتان بە ئاشتی و ئاسوودەیی بە ڕێ بكەن.

مسعود بارزانی

31ـی 3ـی 2019"

 

Fly Erbil Advertisment