توێژینەوەیەکی نوێ چەند زیانێکی دەرمانە وەرزشییەکان ئاشکرا دەکات

دەیان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن

K24 – هه‌ولێر:

سەدان جۆری پاودەر و حەب و دەرمان هەیە کە بەڵێنی ماسوولکەی گەورەتر و بەهێزترت دەداتێ، بەڵام هەندێکیان زیان بە جگەر و تەندروستی مرۆڤ بە گشتی دەگەیەنن.

لە توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری پزیشکی Alimentary Pharmacology and Therapeutics بڵاوکراوەتەوە، 44 پیاو کە دەرمانەکانی بەهێزکردنی ماسوولکەیان بەکارهێناوە و دووچاری نەخۆشییەکانی جگەر بوون، پشکنینی وردیان بۆکراوە.

ئەو 44 کەسە نیشانەکانی پێست و چاو زەرد بوون و ئازاری گەدەیان بۆ دروستبووە و جگەریان زیانی پێگەشتووە.

هەندێک لە دەرمانەکانی یاری وەرزشی، هۆرمۆنی جیاوازیان تێدایە، بەڵام لەسەر قوتو و پاکەتەکانیان نانوسرێن، ئەو هۆرمۆنانەش زیانیان هەیە و مرۆڤ دووچاری نەخۆشییەکانی جگەر، شێرپەنجە، هەڵوەرینی قژ و بچووکبوونەوەی گوون و چەندین نەخۆشی دیکە دەکەن.

زۆرێکیش لەوانەی ئەو ماددە بەهێزکەرانە بەکاردەهێنن لانی کەم دووچاری نەخۆشییەکانی خوران، ئازاری ناوسک و تێکچوونی گەدە بوون.

یەکێک لەو دەرمانانەی یەکێک لە نەخۆشەکان بەکاری هێناوە ناوی Factor Dیە، لەسەر پاکەتی ئەم دەرمانە، ناوی هیچ جۆرێکی ستیرۆید نییە، بەڵام لەکاتی پشکنین بۆی ئاشکرا کراوە کە ستیرۆیدێکی نەناسراوە و سێ جۆری دیکە لە ئەنابۆلیک ستیرۆیدی وەک tetrahydrocorticosterone, stanozolol و methyldrostanolone+ تێدابووە.

ئاندریو ستۆلز، پزیشک و پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ساوزرن کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنن، بۆ دڵنیابوون لە لایەنی تەندروستی، دەرمانەکان نیشانی پزیشکی پسپۆڕ بدەن و پاشان بەکاری بهێنن.

Mens Health

H.J